ئه‌مه‌ریکا داوای ئازادکردنی دیپلۆماتێکی له‌ پاکستان ده‌کات

ئه‌مه‌ریکا داوای ئازادکردنی دیپلۆماتێکی له‌ پاکستان ده‌کات

ڕووداوی ته‌قه‌کردنه‌که‌ له‌ شاری لاهور‌ دوو‌ هه‌فته‌ له‌وه‌و پێش ڕوویدا و بووه‌‌ مایه‌ی گرژبوونی په‌یوه‌ندیـیه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات. کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکاییه‌ گیراوه‌که‌ بۆ به‌رگری کرد‌ن له‌ خۆی ئه‌و دوو پاکستانیه‌ی کوشتبوو چونکه‌ چه‌کیان پێ بووه‌ و هه‌وڵیان دابوو بیکوژ‌ن.

ئه‌مه‌ریکا گوتویه‌تی به‌ په‌رۆشه‌ بۆ له‌ ه‌ست چوونی ژیانیان، به‌ڵام وڵاتی ئه‌مه‌ریکی مافی پاراستنی دیپلۆماسی هه‌یه‌ وه‌ داوای ئازادکردنی ده‌موده‌ستی ده‌کات و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ده‌ستگیرکردنی پێشێلی‌ ڕێکه‌وتنه‌ نێونه‌ته‌وییه‌کان‌ له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی ده‌کات.

کاربه‌ده‌ستان پاکستان گوتویانه‌ کێشه‌که‌ له‌ به‌رده‌م دادگایه‌ وه‌ چاره‌نووسی ئه‌مه‌ریکاییه‌که‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگای دادوه‌ری بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌رێت.

وته‌بێژی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا کۆرتنی بێڵ به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای گوت، هه‌ردوو وڵات خه‌ریکی گفتوگۆی چڕوپڕن بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م قه‌یرانه‌. ئه‌و ڕه‌تی ڕاپۆرته‌کانی داوه‌ که‌ ده‌ڵێن واشنتن ته‌واوی گفتوگۆ‌ دیپلۆماسیه‌ ئاست باڵاکانی له‌گه‌ڵ ئیسلام ئاباد تێکداوه‌.‌

ئه‌و ده‌ڵێت: ئێمه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نزیکداین له‌گه‌ڵ حکومه‌تی پاکستان بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ زووترین کات. ئێمه‌ ته‌واوی گفتوگۆی دیپلۆماسی ئاست باڵامان له‌گه‌ڵ پاکستان ڕانه‌گرتووه‌، به‌ڵکو به‌رده‌وام گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ کردوون ئه‌ویش له‌ ئاستی باڵا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ تێپه‌ڕین و باسی بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی تر بکه‌ین له‌ په‌یوه‌ندی دووقۆڵیمان.

کاربه‌ده‌ستانی پاکستان پیاوه‌ گیراوه‌ ئه‌مه‌ریکاییه‌که‌یان به‌ ناوی ڕێموند دێڤس ناساندوه‌، به‌ڵام تا ئێستا به‌ ته‌واوه‌تی ڕوونیان نه‌کردۆته‌وه‌ ئایا ناوبراو ناوی وه‌ک دیپلۆمات له‌م وڵاته‌ تۆمارکراوه‌ یان نا؟