بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە ناو بنکەیەکی پۆلیسی پاکستاندا 7 کەس کوژران و 44 کەسی دیکە بریندار بوون

بەرپرسانی پاکستان دەڵێن بەهۆی هێرشێکەوە لە ناو بنکەیەکی دژە تیرۆردا لە پاکستان لانیکەم حەوت کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون، هێرشەکە بووەتە هۆی ڕووخانی بیناکە.

ژمارەیەکی زۆر لە تەقینەوەکان بیناکانی شارۆچکەی کابالییان لە هەرێمی خیبەر پاختونخوای باکووری ڕۆژئاوای پاکستان وێران کردووە، نوێترین هێرشەکانیش پۆلیسی پاکستانییان کردۆتە ئامانج.

خالید سوهەیلی بەرپرسی باڵای بەشی دژە تیرۆری ناوخۆی ناوچەکە وتی " تەقینەوە لە ناو بنکەکەی پۆلیسدا ڕوویدا، ئەوەش بووە هۆی ڕووخانی تەواوی بیناکە."

وتەبێژی دەزگای فریاکەوتنی هەرێمی خیبەر پاختونخوا بیلال فەیزی وتی " لانیکەم حەوت تەرم لە بینا ڕووخاوەکە هێندراونەتە دەرەوە و هاوکات 44 برینداریش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئەو نزیکانە."

لێکۆڵەری گشتی پۆلیسی هەرێمەکە ئاختار حەیات گانداپور بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " دوو بۆ سێ تەقینەوەی بۆمب ڕوویانداوە."

وتیشی ژمارەی کوژراوەکان لە هەشت کەس زیاترن و بریندارەکانیش زیاتر لە 40 کەسن، " زۆربەی قوربانییەکانیش پۆلیسن."

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دوو هێرشی پێشتر لەم ساڵدا کە کرابوونە سەر بنکە گەورەکانی پۆلیس پەیوەستکرابوون بە تاڵیبانی پاکستانەوە کە بە تەهریکی تاڵیبانی پاکستان ناسراون.

لە مانگی یەکدا خۆکوژێک لە شاری پێشاواری باکووری ڕۆژئاوای پاکستان لە مزگەوتێکی ناو بنکەیەکی پۆلیسدا خۆی تەقاندەوە و زیاتر لە 80 ئەفسەری پۆلیس کوژران و بیناکە ڕووخا پاشماوەکەی بەسەر نوێژخوێناندا کەوتە خوارەوە.

لە مانگی دوودا پێنج کەسی دیکە کوژران کاتێک یەکەیەکی خۆکوژی تەهریکی تاڵیبانی پاکستان هەڵیانکوتایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری کاراچی باشووری وڵاتەکە.

لە دوای ئەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەیان کردەوە، هێرشەکان لە پاکستان زیاتر بوون، هێرشەکانیش زیاتر لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە بوون، ئیسلامئابادیش دەڵێت هێرشەکان لەسەر خاکی ئەفغانستانەوە ئەنجام دەدرێن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس