مەحمود عەباس دەڵێت ڤیتۆکەی ئەمەریکا وادەکات ئەو وڵاتە بەشدار بێت لە 'تاوانەکانی جەنگی' ئیسڕائیلدا

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان -مەحمود عەباس

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس دەڵێت ڤیتۆکەی ئەمەریکا دژی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستێکی مرۆیی لە غەززە وایلێکرد بەشدار بێت لە " تاوانەکانی جەنگی " ئیسڕائیلدا دژی فەلەستینییەکان.

سەرۆکایەتی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی مەحمود عەباس ئەمەریکا بە بەرپرس دادەنێت لە ڕژانی خوێنی منداڵان و ژن و بەساڵاچووانی فەلەستینی لە کەرتی غەززەدا.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا بە هەمان شێوەی هەڵوێستی ئیسڕائیل، پێی وایە ئاگربەست لە غەززە تەنها لە بەرژەوەندی حەماس دەبێت. جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆبەرت وود پێش بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت " پشتگیری لەم بڕیاری داواکردنە ناکەین بۆ ئاگربەستێک کە تەنها تۆو بۆ جەنگێکی دواتر دەچێنێت."

ئەو بڕیارنامەیە لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چوارشەممەی ڕابردوو مادەی 99ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانی چالاک کرد و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتەکانی خۆی کۆبوونەوەیەک بۆ ئەم پرسە پێکبهێنێت.

مادەی 99 لە میساقی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگە بە سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە دەدات ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بکات لە دۆخێکدا کە "ئاسایشی جیهانی و ئاشتی" لە مەترسیدا بێت. گۆتێرێس سەبارەت بە قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە، بۆ یەکەمجار ئەم مادەیەی بەکارهێنا بۆ دابینکردنی زەمینە بۆ ئاگربەستی مرۆیی لەو ناوچەیەدا.

تا ئێستا چوار ڕەشنووسی بڕیارنامەی پێشووتر بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە ڕەتکراونەتەوە یان ڤیتۆیان لەسەر کراوە.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز