پانۆراما: کێ هاوپه‌یمانی کورده‌ له‌ به‌غدا؟

له‌م یه‌ک دوو هه‌فته‌یه‌ی ڕابردوودا زمانی ڕاگه‌یاندن له‌ نێوان کوردی عێراق و هاوبه‌ندی ده‌وڵه‌تی یاسای نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری وڵاته‌که‌ هه‌م توند و هه‌م زبریش بوون.

له‌ ساڵی 2003 دا هاوکاتی پرۆسه‌ی ئازادکردنی عێراق به‌ سه‌رکردایه‌تی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، کورد و شیعه‌کان دوو هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کی ئه‌مریکا بوون.

به‌ڵام ئێستا و دوای 9 ساڵ ئه‌م دوو هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌کیه‌ به‌ره‌نگاری یه‌ک ده‌بنه‌وه‌ و گوناهبارکردن ئاڕاسته‌ی یه‌کدی ده‌که‌ن.

ئه‌گه‌ر پێشتر لێدوانه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی گله‌ و گازه‌نده‌کردندا بووبن ، ئێستا گه‌یشتۆته‌ ئاستێک تیایدا لاپه‌ڕه‌کانی یه‌کتر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌.

ئه‌م ئاڵۆزیه‌ نوێیه‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتری قه‌یرانی نێوان ده‌وڵه‌تی یاسا و ئه‌لعێراقیه‌.

سروشتی هاوپه‌یمانێتیه‌کان له‌ عێراقدا وه‌ک چاودێر باسی ده‌که‌ن زیاتر کاتین وه‌ک له‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بن.

به‌کر حه‌مه‌ سدیق ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامی: هه‌ست به‌ جیاوازی ڕوانین ده‌کرێت له‌ ناو هاوپه‌یمانێتی کوردستانیدا له‌سه‌ر ئه‌م ئاڵۆزیه‌ی له‌گه‌ڵ مالیکیدا هه‌یه‌.

حه‌سه‌ن جیهاد ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی کوردستانی : پێم وا نییه‌ ئه‌م ئاڵۆزیانه‌ی ئێستا ببنه‌ قه‌یرانێکی وه‌ها گه‌وره‌ تا دابڕانی لێبکه‌وێته‌وه‌.

له‌تیف موسته‌فا ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان : ئه‌م جۆره‌ ئاڵۆزیانه‌ چاوه‌ڕوانکراو بوون چونکه‌ دوو لایه‌نه‌ فه‌رمانڕه‌واکه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌موو کێشه‌کانی خۆمانیان فه‌رامۆش کردبوو.

دکتۆر ئه‌نوه‌ر موحه‌مه‌د فه‌ره‌ج ، پسپۆڕی زانسته‌ سیاسیه‌کان له‌ زانکۆی گه‌شه‌ پیدانی مرۆڤایه‌تی : هاوپه‌یمانێتی نێوان شیعه‌کان و کورد له‌ عێراقدا به‌ گه‌لێک له‌ هه‌ڵکشان و داکشاندا ڕه‌ت بووه‌ و پێویستیشی ده‌کرد له‌ پاش کشانه‌وه‌که‌ی ئه‌مریکا له‌ عێراق پێداچوونه‌وه‌ به‌ ڕه‌وشی عێراقدا بکرایه.

یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی تر که‌ چاودێر ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن سه‌باره‌ت به‌ هێزی مالیکی له‌ قه‌یرانه‌کانی عێراقدا ئه‌وه‌یه‌ گووتارێکی هاوبه‌ش له‌ نێوان لایه‌نه‌ ڕکابه‌ره‌کانی مالیکیدا نییه‌ تا بتوانن به‌ره‌نگاری ڕێباز و ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق ببنه‌وه‌.

ده‌توانن له‌ ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که‌ ماوه‌که‌ی 10:54 خوله‌که‌.