پیڵۆسی گەیشتە تایوان

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە گەیشتە تایوان و وتی ئەم سەردانەی بۆ تایوان هاودەنگی ئەمەریکا بۆ دوورگەکە دەردەخات، بەڵام چین کە تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت، سەرکۆنەی ئەم سەردانەی پیڵۆسی کرد و وتی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەی تەنگەی تایوان.

فڕۆکەکەی پیڵۆسی و شاندی یاوەری لە فڕۆکەخانەی سۆنگشانی ناوەڕاستی شاری تایپیێی پایتەختی تایوان نیشتەوە و لەلایەن وەزیری دەرەوەی تایوان جۆزێف وو و نوێنەری باڵای ئەمەریکا بۆ تایوان ساندرا ئۆدکیرکەوە پێشوازییان لێکرا.

پێڵۆسی بە ماوەیەکی کورت دوای گەیشتنی لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەردانی شاندەکەی کۆنگرێسمان بۆ تایوان بەرزڕاگرتنی پابەندبوونی جێگیری ئەمەریکایە بۆ پشتیوانیکردن لە دیموکراتییە زیندووەکەی تایوان. ئەمڕۆ هاودەنگی ئەمەریکا لەگەڵ 23 ملیۆن هاوڵاتی تایوانیدا لە هەموو کات زیاتر گرنگترە، لەکاتێکدا جیهان ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێک بووەتەوە لەنێوان ئۆتۆکراتی و دیموکراتیدا."

ئۆفیسی سەرۆکایەتی تایوان وتی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی تایوان تسای ئین وێن لەگەڵ پیڵۆسیدا کۆدەبێتەوە، پێڵۆسی دووەم کەسە بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی ئەمەریکا و لەمێژە ڕەخنە لە چین دەگرێت، هەروەها نانی نیوەڕۆ پێکەوە دەخۆن. پیڵۆسی شەش یاسادانەری دیکەی ئەمەریکای لەگەڵدایە و لە ساڵی 1997 ەوە یەکەمین سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە سەردانی تایوان بکات.

چین دەستبەجێ سەرکۆنەی سەردانەکەی پیڵۆسی کرد، وەزارەتی دەرەوەی چین وتی سەردانەکەی پیڵۆسی بۆ تایوان بەجددی زیان بە ئاشتی و سەقامگیری تەنگەی تایوان دەگەیەنێت و " کاریگەرییەکی توندی دەبێت لەسەر بنچینەی سیاسیی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا، هەروەها پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەری خاکی چینە."

پێش ئەوەی پیڵۆسی بگاتە تایوان، فڕۆکە جەنگییەکانی چین بەسەر هێڵی ناوەندی تەنگەی تایواندا هاتووچۆیان دەکرد، ئەو هێڵەش سنووری ئاوی چین و تایوانی لە تەنگەکەدا جیاکردۆتەوە. وەزارەتی بەرگری چین دەڵێت سوپای وڵاتەکە خراونەتە ئامادەباشییەوە و " ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە ئامانج " ئەنجام دەدات وەکو وەڵامێک بۆ سەردانەکە پیڵۆسی.

سەرکردایەتی سوپای ڕۆژهەڵاتی چین ڕایگەیاند شەوی سێشەممە مەشقێکی سەربازیی ئاسمانی و دەریایی هاوبەش لە نزیک تایوان ئەنجام دەدات و موشەکەکانی لە دەریاکەی ڕۆژهەڵاتی تایواندا تاقیدەکاتەوە.

پیڵۆسی لە گەشتێکدایە بۆ ئاسیا کە هەریەک لە وڵاتانی سینگاپوور و مالیزیا و کۆریای باشوور و ژاپۆن لەخۆدەگرێت، سەردانەکەی بۆ تایوان پێشتر ڕانەگەیەندرابوو، بەڵام پێشبینی دەکرا.

پیڵۆسی لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستدا ماوەیەکی کورت دوای گەیشتنی بۆ تایوان هۆکارەکانی سەردانەکەی ئاشکرا دەکات و ستایشی پابەندبوونی تایوان دەکات بە حکومەتێکی دیموکراتەوە، هاوکات ڕەخنە لە چین دەگرێت لەسەر ئەوەی لەم ساڵانەی ڕابردوودا گرژییەکانی لەگەڵ تایواندا زیاتر کردووە.

وتیشی " ناتوانین هەروا بوەستین و پارتی کۆمیونیستی چین بەردەوام بێت لە هەڕەشەکردن لە تایوان و دیموکراسیش."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز