سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی دەڵێت پێی وایە هەندێک لەو خۆپیشاندانانەی کە لە ئەمەریکا دەکرێن و تێیاندا داوای ئاگربەست دەکەن لە غەززە ڕەنگە پەیوەندییان بە ڕووسیاوە هەبێت، دەشڵێت دەبێت دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا لێکۆڵینەوەیەک لەو بارەیەوە بکات.
پیڵۆسی لە ماوەی چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن ئەم لێدوانەیدا، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ بانگەشەکانی نەخستەڕوو.
پیڵۆسی وتی " بۆ ئەوان کە داوای ئاگربەستێک بکەن ئەوە پەیامی بەڕێز پوتنە. پەیامی بەڕێز پوتنە. ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەوەوە هەیە کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەیەوێت بیبینێت."
وتیشی " پێم وایە هەندێک لەم خۆپیشاندەرانە سروشتین و ڕاستگۆن. هەندێکییان پێم وایە پەیوەندییان بە ڕووسیاوە هەیە. دەبێت لێکۆڵینەوە لە هەندێک لە داراییدانەکەی بکرێت و دەمەوێت داوا لە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی بکەم لێکۆڵینەوە لەوە بکات."
خۆپیشاندانەکان بۆ داواکردنی ئاگربەست لە غەززە لەمدواییانەدا لە سەرانسەری ئەمەریکا سەریانهەڵداوە، بە لە نزیک فڕۆکەخانە و پردەکانی نیویۆرک و لۆس ئانجلس و دەرەوەی کۆشکی سپیشەوە، هەروەها بە ڕێپێوانەکانیشەوە لە واشنتن. خۆپیشاندانەکان وتار و بۆنەکانی بایدنیشییان پچڕاندووە.
خۆپیشاندانەکان لەلایەن چەندین ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و جووەکان و گروپەکانی چالاکەوانی دژە جەنگەوە ڕێکخراون.
نوێنەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئەلیکساندریا ئۆکاسیۆ کۆرتێز ڕۆژی یەشەممە وتی دژایەتیکردنی جەنگەکەی ناو غەززە لەلایەن زۆرێکەوە لە " لە کوژرانی خەڵکەکەوە بەبێ جیاکاری " لە ناوچەکەدا سەرچاوەی گرتووە.
کۆرتێز لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ئێن بی سی کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان دژی سیاسەتەکەی بایدن بۆ جەنگەکەی ناو غەززە وتی " پێم وایە ئەوەی ئێمە ئێستا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەیبینین ئەوەیە کە گەنجەکان توشی سەرسوڕمان بوون لە توندوتیژی و کوژرانی خەڵکەکە بەبێ جیاکاری."
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەستبەجێی کردووە لە غەززەدا، بەڵام ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەو جۆرە داوایانەی ڕەت کردووەتەوە، دەڵێت ئاگربەست دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ حەماس تاوەکو دووبارە خۆی دروست بکاتەوە و خۆی ڕێکبخاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز