شەڕ لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک هیواکان بۆ پەیماننامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتە مەترسییەوە

گومانەکان لەسەر مۆرکردنی پەیماننامەیەکی جیهانی بۆ سنووردارکردنی پیسبوون بەهۆی پلاستیکەوە لە کۆتا ڕۆژی گفتوگۆکاندا سەریهەڵدا، لە کاتێکدا کە زیاتر لە 100 وڵات هەوڵییاندا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک و لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک وڵاتی وەبەرهێنەری نەوت دەیانویست تەنها سەنگ بخەنە سەر پاشماوەی پلاستیک.

پێنجەمین و کۆتا کۆبوونەوەی کۆمیتەی دانوستانکارانی نێوان حکومەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدەستهێنانی پەیماننامەیەکی جیهانی پابەندکەر لە ڕووی یاساییەوە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە لە شاری بوسان لە کۆریای باشوور کۆتایی پێبێت.

لە دوای ڕێککەوتنی پاریسەوە بۆ کەش و هەوا کە لە ساڵی 2015 دا واژۆ کرا، واژۆکردنی پەیماننامەیەک لە ئێستادا دەکرێت گرنگترین ڕێککەوتن بێت کە پەیوەندی بە پاراستنی ژینگە و هۆکارەکانی گەرمبوونی کەشوهەواوە هەبێت.

وڵاتان ڕۆژی یەکشەممە لەسەر چوارچێوەی سەرەتایی پەیماننامەکە دوور بوون لە یەکترەوە. بژاردەیەک هەیە کە لەلایەن پەنەماوە پێشنیار کراوە و زیاتر لە 100 وڵات پشتگیری دەکەن، دەکرێت ڕێگایەک دروست بکات بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک لە جیهاندا، هاوکات پێشنیارێکی دیکە هەبووە بەڵام تێیدا باس لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک نەکراوە.

سەرۆکی کۆبوونەوەکە لویس ڤایاس ڤالدیڤیسۆ پێشنیارەکەی خستەڕوو کە تێیدا مامەڵە لەگەڵ زۆربەی پرسە گرنگەکاندا دەکات، لەوانەش: کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک، مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمەکانی پلاستیک و ماددە کیمیاییەکان و هەروەها یارمەتیدانی دارایی ئەو وڵاتانەی کە پێویستییانە بۆ جێبەجێکردنی پەیماننامەکە.

هەندێک لە دانوستکاران و گروپە ژینگەییەکان بە نائومێدییەوە سەیری گفتوگۆکانییان کرد.

دکتۆر سام ئادو کومی دانوستکاری باڵا بۆ غانا وتی " ئەگەر داوای پەیماننامەیەکی ئاست بەرز و پەرۆش دەکەیت ئەوا مانای ئەوەیە کە دەبێت پەیماننامەکە داوای پابەندبوون و بەرپرسیارێتی بکات لە سەرجەم لایەنەکانەوە."

وتی ئەگەر ئەو جۆرە پەیماننامەیەت نەوێت، ئەوا مانای ئەوەیە کە " دەتوانیت بڕۆیتەوە و جارێکی دیکە بێیتەوە، نەک بۆ بوسان بەڵکو ڕەنگە بۆ شوێنێکی دیکە."

گروپێکی بچووکتر لەو وڵاتانەی کە نەوت بەرهەم دەهێنن، وەکو سعودیە، بە توندی دژایەتی کەمکردنەوەی وەبەرهێنانی پلاستیکییان کرد و هەوڵییاندا تاکتیک بەکاربهێنن بۆ دواخستنی گفتوگۆکان.

چین و ئەمەریکا و هیندستان و کۆریای باشوور و سعودیە لە ساڵی 2023 دا لە یەکەمین پێنج وڵاتەکەی گەورەترین بەرهەمهێنەری پۆلیمەر بوون، ئەمەش بەپێی یونۆمیا کە داتاکان دابین دەکات.

دانوستکاری فیجی، وەزیری کەش و هەوا سیڤێندرا مایکڵ وتی " ئەگەر بە شێوەیەکی بونیادنەرانە هاوکار نابیت، ئەگەر هەوڵی ئەوە نادەیت بەشدار بیت لە دەستکەوتنی پەیماننامەیەکی بە پەرۆشدا، کەواتە تکایە بچۆ دەرەوە."

بەرهەمهێنانی پلاستیک تاوەکو ساڵی 2050 سێ هێندە دەبێت، مایکرۆ پلاستیکیش لە هەوادا دۆزراونەتەوە، تەنانەت لە شیری مەمکی مرۆڤیشدا دۆزراونەتەوە.

ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە پلاستیکدان و جێی نیگەرانین زیاتر لە 3200 ماددەن کە دۆزراونەتەوە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2023 ی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تێیدا وتی بە تایبەتی ژنان و منداڵان لاوازترن بەرامبەر ژەهری پلاستیکدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز