پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک سنوورەکانیان لەگەڵ بێلاڕووس دادەخەن بەهۆی ئەگەری ' ڕووداوی هەستیار '

وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا ڕایگەیاند پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک سنوورەکانییان لەگەڵ بێلاڕووس بە تەواوەتی دادەخەن ئەگەر " ڕووداوی هەستیار " ی پەیوەست بە گروپی بەکرێگیراوی ڤاگنەرەوە ڕووبدات.

لاتیڤیا و لیتوانیا و پۆڵەندا کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆشن، سنوورییان لەگەڵ بێلاڕووسدا هەیە، لە دوای ئەوەی سەدان چەکداری ڤاگنەر لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ گەیشتنە بێلاڕووس، ئەو سێ وڵاتە بەردەوام نیگەرانییان هەبووە سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکە.

وڵاتەکان لەمدواییانەدا ڕووبەڕووی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران بوونەتەوە کە زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکاوە هاتوون و هەوڵ دەدەن سنوورەکە ببەزێنن و بچنە یەکێتی ئەوروپاوە، سێ وڵاتەکە بێلاڕووسییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کارئاسانیکردن بۆ کۆچبەران، مینسکیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا ماریوش کامینسکی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا لیتوانی و لاتیڤیاییەکەیدا وتی " داوا لە بەرپرسانی مینسک دەکەین دەستبەجێ گروپی ڤاگنەر ناوچەکانی بێلاڕووس جێبهێڵن و دەستبەجێ کۆچبەرە نایاساییەکان ناوچە سنوورییەکە جێبهێڵن و بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان."

وتیشی " ئەگەر ڕووداوێکی هەستیار ڕووبدات، ئیتر لەسەر سنووری پۆڵەندا بێت یاخود سنووری لیتوانیا، دەستبەجێ تۆڵە دەکەینەوە. سەرجەم خاڵە سنوورییەکان کە تاوەکو ئێستا بە کراوەیی ماونەتەوە دادەخرێن."

وەزیری ناوخۆی لیتوانیا ئاگنی بیلۆتایت وتی دوو هۆکار هەن کە دەبنە هۆی داخستنی سنوورەکە، " یەکەم، ڕووداوێکی چەکداریی لەسەر سنووری یەکێک لەم وڵاتانە. ڕووداوەکە دەبێت مەترسییەکی جددی هەبێت لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی. دووهەمییان شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەرانە لەسەر سنووری یەکێک لەم وڵاتانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز