سەرۆکی پۆڵەندا سەردانی ئۆکرانیا دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی یارمەتی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە

ئۆفیسی سەرۆکایەتی پۆڵەندا دەڵێت سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا بە مەبەستی تاوتوێکردنی پشتیوانی زیاتر بۆ ئۆکرانیا گەیشتۆتە کیێڤ، یارمەتی سەربازییش یەکێک دەبێت لە پشتیوانییەکان.

پۆڵەندا یەکێکە لە پشتیوانیکەرە سەرەکییەکانی ئۆکرانیا و نزیکەی 6 ملیۆن پەنابەری ئۆکرانی وەرگرتووە، پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، زۆرجار ڕەخنەی لە وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا گرتووە لەسەر ئەوەی ' کاری زیاترییان نەکردووە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا.'

بەرپرسی ستافی سەرۆکایەتی پۆڵەندا پاوڵ شرۆت گوتی " لە سەردانەکەدا کۆبوونەوەیەک دەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و گفتوگۆ لەسەر پشتیوانییە سەربازییەکان دەکرێت و هەروەها باس لە بەرگری ئۆکرانیا دەکرێت لەڕووی ئابووری و مرۆیی و سیاسییەوە."

گوتیشی " سەرۆک باس لەو پشتیوانییە سیاسییانەش دەکات کە پۆڵەندا دەتوانێت پێشکەشییان بکات تاوەکو وڵاتانی دیکەش ڕازی بکات بەردەوام بن لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا."

لەم ساڵدا دودا پێنج جار لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبۆتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە ئۆکرانیا سێ جار سەردانی ئۆکرانیای کردووە.

دودا لە گەشتەکەیدا بەشداری لە کۆڕبەندی کرایمییەشدا دەکات، کە تیایدا هەوڵ دەدرێت سەروەری خاکی ئۆکرانیا بگەڕێندرێتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕووسیا بهێندرێت لە کرایمییە کە لە ساڵی 2014 دا گرتییەخۆی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز