پوتن دەڵێت ڕۆژئاوا گرژییەکان لە ئۆکرانیا زیاد دەکەن

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی ڕۆژئاوا " گرژییەکانی ململانێکانی ئۆکرانیا " زیاتر دەکەن لەڕێی ئەنجامدانی مەشقی سەربازی لە دەریای ڕەش و بردنی فڕۆکەی جەنگی بەسەر نزیک لە سنوورەکانیەوە.

لێدوانەکەی پوتن لەکاتێکدایە ئەمەریکا ڕوسیای تۆمەتبار کردووە بەوەی هێزەکانی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا زیادکردووە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشدارییانداوە لەسەر چالاکییە سەربازییەکانی ڕوسیا لەنزیک ئۆکرانیا، واشنتنیش هۆشداری داوەتە مۆسکۆ لەسەر ئەوەی " هەڵەیەکی مەترسیداری " دیکە لە ئۆکرانیا ئەنجام نەداتەوە.

پوتن لە وتارێکیدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە وتی " هاوبەشەکانمان لە ڕۆژئاوا گرژییەکان لە ئۆکرانیا زیاتر دەکەن، ئەوەش لەڕێی پێدانی چەکی پێشکەوتوو بە ئۆکرانیا و ئەنجامدانی مەشقی وروژێنەرەوە لە دەریای ڕەشدا."

پوتن بانگەشەی ئەوەی کرد فڕۆکە جەنگیەکانی ڕۆژئاوا " تەنها 20 کم دوور لە سنوورەکانی ڕوسیاوە دەفڕن."

پوتن ئاماژەی بەوەدا مۆسکۆ لەمێژە نیگەرانیەکانی خۆی سەبارەت بەم بابەتە دەربڕیوە و وتی " بەڵام ئاگادارییەکانمان و قسەکردنمان لەسەر هێڵە سوورەکان تەنها بە ڕووکەش وەرگیراون."

چەند ڕۆژێکە پوتن نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەسەر مەشقە سەربازییە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە دەریای ڕەش، هەروەها لەم هەفتەیەدا بە هاوتا فەڕەنسییەکەی وت " مەشقەکان وروژێنەرن و دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و هاوپەیمانێتی ناتۆ."

هەروەها ڕەخنەی توندی لە ئۆکرانیا گرت لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی دژی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

جێی ئاماژەیە دەریای ڕەش ناوچەیەکی هەستیارە بۆ ڕوسیا کە لە ساڵی 2014 دا بەشێوەیەکی نایاسایی دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای لەخۆگرت.

لەو کاتەوە ئۆکرانیا دژی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەەجەنگێت کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت و ململانێکان بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 13,000 کەس.

سەرچاوە/ فرانس پرێس