پوتن داوای لە دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵ کردووە چاودێریکردنی ڕووسییەکان و سنوورەکان زیاتر بکەن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵ کردووە چاودێریکردنی کۆمەڵگای ڕووسی و سنوورەکانی وڵاتەکە زیاتر بکەن بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی دەرەوە و ناپاکەکانی ناوخۆ.

پوتن وتی " مەترسییە نوێیە بەپەلەکان پێویستییان بە چالاکییەکی زیاتری هەواڵگری هەیە."

وتی " کارەکانی دەزگاکانی سنوور و دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی دەبێت چڕتر بکرێنەوە."

وتیشی " دەبێت بە خێرایی و بە بەکارهێنانی هەر هێز و ئامڕازێک کە لەبەردەستماندان، بە یەکەکانی هێزە تایبەتییەکانیشەوە، بەرپەرچی هەر هەوڵێک بدرێتەوە بۆ پێشێلکردنی سنوورەکە."

پوتن داوای لە دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵ کرد " بەکارهێنانی توانای ئۆپەراسیۆن و تەکنیکی و کارمەندەکان " زیاتر بکەن بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵییان بەسەر کۆمەڵگادا توندتر بکەنەوە.

دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵ کە جێگرەوەی دەزگای کەی جی بی سەردەمی سۆڤییەتە، وەکو ئامێرێکی چاودێری و سانسۆرێکی بەرفراوان لە ڕووسیا کاردەکات و بەشێکی زۆری دەزگاکانی ئاسایشی ڕووسیاش لە داگیرکارییەکەی مۆسکۆدا لە ئۆکرانیا بەشدارییان کردووە.

وتی " پێویستە بە توندی کارەکانی دەزگا تایبەتە بیانییەکان سەرکوت بکەین، بە خێرایی ناپاک و سیخوڕ و تێکدەران بدۆزینەوە."

دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵ کە لەلایەن ئالیکساندەر بۆرتنیکۆڤی هاوپەیمانی پوتنەوە بەڕێوەدەبرێت، چاودێریکردنی گردبوونەوە گەورەکان و دامەزراوە ستراتیژییەکان و ژێرخانی وزە زیاتر دەکات.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە ئۆکرانیا، خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ڕووسیا دژی جەنگەکە بە خێرایی بێدەنگ کراون، زیاتر لە 1300 کەس لە مانگی نۆدا و لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا دژی بڕیارەکەی پوتن بۆ کۆکردنەوەی 300,000 سەرباز دەستبەسەرکران.

پوتن وتی بارودۆخی ئەو هەرێمانەی ئۆکرانیا کە لکێندراون بە ڕووسیاوە " زۆر سەختە " و فەرمانی بە دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵ کرد لە " پارێزراوی " هاوڵاتیانی ئەو هەرێمانە دڵنیا ببێتەوە.

وتی " ئەوە ئەرکی ئێوەیە هەرچی لە تواناتاندا بێت ئەنجامی بدەن بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزراوی ئەوان، ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانیان." هەروەها بەڵێنی پێدان " چەک و کەلوپەلی نوێیان بداتێ."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز