سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن وتی ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا گفتوگۆ لەسەر بڵاوکردنەوەی موشەکەکان و مەشقە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات لە ئەوروپادا، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر مۆسکۆ ڕایگەیاند هەندێک لە هێزەکانی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزدا، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن وتی ئامادەیە بەردەوام بێت لە گفتوگۆکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕۆژئاوا داواکارییەکانی ڕووسیای ڕەت کردۆتەوە کە داوای کردووە سەبارەت بەوەی ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و هێزەکانی هاوپەیمانێتیەکە لە وڵاتانی نزیک ڕووسیا بکشێندرێنەوە.
پوتن وتی مۆسکۆ هەوڵ دەدات ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ بونیادنانی متمانە لەنێوان ڕووسیا و ناتۆدا، هاوکات جەختی لەوە کردەوە ڕۆژئاوا دەبێت سەرنج بداتە داواکارییە سەرەکییەکانی.
ڕازیبوونی پوتن لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان و ڕاگەیاندنی کشاندنەوەی ژمارەیەکی نادیاریکراو لە هێزەکانی ڕووسیا لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا دوای ئەوەی مەشقە سەربازییەکانیان لەنزیک ئۆکرانیا تەواو کرد، هیوایەک دەبەخشێت لەسەر ئەوەی نزیکبوونەوەی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دوورخراوەتەوە.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی هاوڕایە لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر ئەوەی " هێشتا دەرفەتێکی زۆر ماوە بۆ دیبلۆماسی، وتی " ڕاگەیاندنی کشاندنەوەی هێزەکان نیشانەیەکی باشە." وتیشی " هیوادارم نیشانەی ئەرێنی دیکەش دەربکەوێت."
بەڵام هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئۆکرانیا دەڵێن هێشتا دەبێت بەڵگە ببینن لەسەر کشانەوەی ئەو هێزانە لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا.
ڕووسیا ئاماژەی بەوە نەداوە چەند سەربازی کشاندۆتەوە لەو نزیکەی 130,000 سەربازەی کە لەسەر سنووری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا جێگیریکردوون.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " هەمیشە وتوومانە دوابەدوای کۆتایی هاتنی مەشقەکان هێزەکان دەگەڕێنەوە بنکەکانیان. ئەمجارەش هەر بەوشێوەیە دەبێت."
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هاوپەیمانێتیەکە پێشوازی لەو نیشانانە دەکات کە ئاماژەیەکن لەسەر ئەوەی ڕووسیا دەیەوێت بەردەوام بێت لە گفتوگۆ سیاسییەکان لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و ئۆکرانیا و کشاندنەوەی هێزەکانی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا.
وتی " ئەمە شتێکی ئەرێنییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەکمان نەبینیوە لەسەر کەمبوونەوەی گرژییەکان لەلایەن ڕووسیاوە."
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیباش گومانی هەیە لە جووڵە سەربازییەکانی ڕووسیا.
کولیبا وتی " ئێمە لە ئۆکرانیا یاسایەکمان هەیە، بڕوامان بەوە نیە کە دەیبیستین، بڕوامان بەوە هەیە کە دەیبینین. ئەگەر کشاندنەوەیەکی ڕاستەقینە بەدوای ئەم لێدوانانەدا بێت، ئەوا بڕوا بەوە دەکەین کە ئەمە سەرەتای کەمکردنەوەی گرژییەکانە."
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتی مەشقە سەربازییە بەرفراوانەکان لەنزیک ئۆکرانیا بەردەوام دەبن، بەڵام هەندێک لە یەکە سەربازییەکان لە باشوور و ڕۆژئاوای ناوچە سەربازییەکان مەشقەکانیان تەواو کردووە و دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ بنکەکانیان. بەڵام هێشتا کشاندنەوەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا