سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی دووشەممە لە وتارێکیدا وتی بە مەبەست ڕێگەیداوە یاخیبوونە 24 کاتژمێرییەکەی گروپی ڤاگنەر بەردەوام بێت بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، وتیشی یاخیبوونەکە یەکگرتوویی نیشتمانی وڵاتەکەی پتەوتر کرد.
دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە وتی یاخیبوونەکە لە ناودەبات، پوتن ئەمە یەکەمین لێدوانییەتی سەبارەت بەو بابەتە و وتی " لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕووداوەکانەوە، بەپێی فەرمانەکانی من ڕێوشوێن گیراونەتەبەر بۆ خۆبەدوورگرتن لە خوێنڕشتن."
وتیشی " پێویستمان بە کات بوو بیدەین بەو کەسانەی کە هەڵەیان کرد تاوەکو بە خۆیاندا بچنەوە، تاوەکو بۆیان دەربکەوێت کە کارەکانییان بە توندی لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕەتکرایەوە، ئەو کارەشی کە خەریک بوون دەیانکرد دەرەنجامێکی کارەسات و وێرانکەری بۆ ڕووسیا و وڵاتەکەمان دەبوو."
پوتن ئاماژەی بە پریگۆژین نەدا کە داوای کردبوو وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ و سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕووسیا ڤالێری گیراسیمۆڤ بێن بۆ ڕۆستۆڤ و لەوێ قسەی لەگەڵدا بکەن. پریگۆژین داوای کردبوو هەردووکییان لە کارەکانییان دووربخرێنەوە.
پوتن ئاماژەی بە هیچ گۆڕانکارییەکیش نەدا لە وەزارەتی بەرگری ڕووسیادا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پوتن لە تەلەفیزیۆن دەرکەوت و قسەی بۆ کۆبوونەوەیەک دەکرد کە بەرپرسانی باڵای ئاسایشی وڵاتەکەی تێدا بوو، بە شوێگۆشەوە.
پوتن وتی " ڕێکخەرانی یاخیبوونەکە، بەوەی کە ناپاکییان لە وڵاتەکە و گەلەکەیان کرد، ناپاکییان لەگەڵ ئەوانەشدا کرد کە ڕایانکێشانە ناو ئەو تاوانەوە. درۆیان لەگەڵدا کردن، ناچارییان کردن بەرەو مردن بڕۆن، بچنە ژێر تەقەوە، خەڵکی خۆیان بکوژن."
پوتن سوپاسی ئەو فەرماندە و شەڕکەرانەی ڤاگنەری کرد کە دەستبەرداری یاخیبوونەکە بوون تاوەکو خۆیان بە دوور بگرن لە " براکوژی " و وتی زۆرینەی ئەندامانی ڤاگنەر نیشتیمانپەروەرن.
وتیشی ئەوانەی کە بڕیارییان داوە گرێبەست لەگەڵ سوپای ڕووسیادا واژۆ نەکەن لە ژێر فەرمانی وەزارەتی بەرگریدا دەتوانن یان ئەوەتا بچن بۆ بێلاڕووس یاخود بگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەکانییان.
پوتن وتی " هەمووان لە ڕووسیا یەکگرووتن و لە پشت شتە سەرەکییەکەوەن: بەرپرسیارێتییان بەرامبەر چارەنووسی نیشتمان."
بەڵام چاودێران پێیان وایە یاخیبوونی گروپی ڤاگنەر لە کۆنترۆڵی مۆسکۆ دەرچووبوو و تەنانەت گەیشتە ئەوەی بەشێکی خەڵکی بە ئاشکرا لە جادەکان پشتیوانی خۆیان بۆ گروپەکە دەردەبڕی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز