سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت ڕووسیا و چین هاوپەیمانێتی سەربازیی دروست ناکەن و هاریکارییە سەربازییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە " ئاشکران." ئەم لێدوانەش چەند ڕۆژێک دوای سەردانەکەی سەرۆکی چین شی جین پینگ بۆ مۆسکۆ دێت .
پوتن و شی لە ماوەی سەردانەکەی شیدا بۆ مۆسکۆ جەختییان لە دۆستایەتییەکەیان کردەوە و بەڵێنی پەیوەندییەکی نزیکترییاندا لە نێوانیاندا، لە ڕووی سەربازیشەوە. لە کاتێکدا کە ڕووسیا کۆشش دەکات لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا.
پوتن وتی " ئێمە هاوپەیمانێتی سەربازیی لەگەڵ چیندا دروست ناکەین، بەڵێ لە ڕووی سەربازی و تەکنیکییەوە هاریکاریمان هەیە. ئێمە ئەمە ناشارینەوە."
وتیشی " هەمووشتێک ئاشکرایە، هیچ شتێکی نهێنی نیە."
لە سەرەتای ساڵی 2022 دا چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، چین و ڕووسیا هاوبەشییەکی " بێ سنوورییان " واژۆ کرد. پەکین خۆی بە دوورگرتووە لە ڕەخنەگرتن لە بڕیارەکەی پوتن بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا و داوای ئاشتی کردووە لە ئۆکرانیادا. ڕۆژئاوا پێشنیارەکانی چینی بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا ڕەت کردۆتەوە و دەڵێت تەنها ئامڕازێکە بۆ ئەوەی پوتن کاتی زیاتری دەستبکەوێت و دووبارە هێزەکانی لە ئۆکرانیا دروست بکاتەوە و ڕێکییان بخاتەوە.
لەمدواییانەشدا واشنتن ئاماژەی بەوەدا دەترسێت پەکین چەک بدات بە ڕووسیا، چینیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
پوتن لە وتارەکەیدا ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە دەڵێن مۆسکۆ پەیوەندییەکانی لە بوارەکانی وەکو وزە و داراییدا لەگەڵ چین زیاد کردووە و ڕووسیا ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە چین دەبەستێت، وتی ئەوانەی " ئیرەیی دەبەن " ئەم بۆچوونانەیان هەیە.
وتی " چەندین دەیەیە زۆرێک ویستوویانە چین بکەنە دوژمنی یەکێتی سۆڤیەت و ڕووسیا و بە پێچەوانەشەوە. لەم جیهانە تێدەگەین کە تیایدا دەژین. ئێمە بەڕاستی پەیوەندییە هاوبەشەکانمان و ئەو ئاستەی کە پێی گەیشتووین لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەرز دەنرخێنین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز