پوتن میوانداری لوکاشینکۆ دەکات و هێرشی بەرپەچدانەوەی ئۆکرانیا بە شکستخواردوو ناودەبات

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە میانەی میوانداریکردنی سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆدا لە سەینت پیتەرسبێرگ وتی هێرشی بەرپەچدانەوەی ئۆکرانیا " شکستی هێناوە. "

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە زاری لوکاشینکۆوە بڵاوییان کردەوە " هێرشی بەرپەرچدانەوە بوونی نییە."

پوتن لە وەڵامدا وتی " بوونی هەیە، بەڵام شکستی هێناوە."
ئۆکرانیا مانگی ڕابردوو دەستی بە هێرشی بەرپەچدانەوە چاوەڕوانکراوەکەی کرد بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها دەستکەوتی بچووکی لە دژی هێزەکانی ڕووسیا هەبووە.

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا جەنەڕاڵ مارک مایڵی ڕۆژی سێشەممە وتی هەڵمەتەکەی ئۆکرانیا " دوورە لە شکست " بەڵام درێژە و سەخت و خوێناوی دەبێت.

کەناڵێکی تێلیگرام کە پەیوەندی بە لوکاشینکۆوە هەیە، بە تۆنێکی گاڵتەجاڕانەوە لە زاری لوکاشینکۆوە بڵاویکردەوە چەکدارانی گروپی بەکرێگیراوانی ڤاگنەری ڕووسیا کە ئێستا مەشق و ڕاهێنان بە سوپای بیلاڕووس دەکەن ئارەزووی ئەوە دەکەن بچنە ئەودیوی سنوورەکەوە بۆ ناو پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆدا.

کەناڵەکە لە زاری لوکاشینکۆوە بڵاویکردەوە " کوڕانی ڤاگنەر دەستییان کردووە بە فشارکردنە سەرمان، دەیانەوێت بەرەو ڕۆژئاوا بڕۆن. دەڵێن ' با گەشتێک بکەین بۆ وارشۆ و جێژۆف ' ."

ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی بەرگری بیلاروس ڕایگەیاند چەکدارانی ڤاگنەر دەستیان کردووە بە پێدانی مەشق بە هێزە تایبەتەکانی بیلاڕووس لە بنکەیەکی سەربازیی کە تەنها چەند میلێک لە سنووری پۆڵەندا دوورە.

پۆڵەنداش دەستیکردووە بە ڕەوانەکردنی سەربازیی زیاتر بۆ سەر سنووری وڵاتەکە لەگەڵ بێلاڕووسدا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ گەیشتنی چەکدارانی ڤاگنەر بۆ بێلاڕووس.

لە وەڵامی ئەوەشدا پوتن ڕۆژی هەینی هۆشداریدایە پۆڵەندا و وتی هەر دوژمنکارییەک دژی بێلاڕووس وەکو هێرشکردنە سەر ڕووسیا سەیر دەکرێت. وتی مۆسکۆ سەرجەم ئامڕازەکانی بەکاردەهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر دوژمنکارییەک دژی مینسک.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز