پوتن بەبێ بوونی هیچ ڕکابەرێکی ڕاستەقینە لە هەڵبژاردنەکانی ڕووسیادا سەرکەوت

بەپێی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی وڵاتەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بۆ ماوەی 6 ساڵی دیکە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە، ئەمەش لە هەڵبژاردنێکدا کە هیچ جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ پوتن بوونی نەبوو، بەهۆی ترساندن یاخود زیندانیکردنیکردنی زۆربەی ڕکابەرە ڕاستەقینەکان.

پوتن بە لایەنگرانی وت کە ئەو پێی وایە هەڵبژاردنەکان دیموکراسییانە بوون، وە قسەی ئەوانەی ڕەتکردەوە کە ناڕەزاییان دژی هەڵبژاردنەکان دەربڕیبوو.

پوتن وتی " کاری زۆرمان لە بەردەمدایە. ئێمە یەکگرتووین، گرنگ نییە کێ دەیەوێت بمانترسێنێت و سەرکوتمان بکات، هیچ کەسێک لە مێژوودا سەرکەوتوو نەبووە لەوەدا. ئێستاش سەرکەوتوو نەبوون و هەرگیز لە داهاتووشدا سەرکەوتوو نابن."

هەڵبژاردنە سێ ڕۆژەییەکە کە ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد، بووە هۆی درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەی پوتن کە ماوەی 24 ساڵە سەرۆکایەتی وڵاتەکە دەکات. هەڵبژاردنەکان لە ژینگەیەکی تەواو کۆنتڕۆڵکراودا بەڕێوەچوون و ڕێگری کراوە لە ڕەخنەگرتن لە پوتن یاخود جەنگەکەی لە ئۆکرانیادا.

بەپێی ئەنجامەکان کە لەلایەن کۆمسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ڕووسیاوە بڵاوکراونەتەوە، پوتن لە سەدا 87 ی دەنگەکانی بە دەستهێناوە.

دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کاندیدی کۆمۆنیستەکان نیکۆلای خاریتۆنۆڤ لە پلەی دووەمدا هاتووە و کەمتر لە سەدا 4 ی دەنگەکانی بە دەستهێناوە، ڤلادیسلاڤ داڤانکۆڤیش لە پلەی سێیەم و لیۆنید سلوتسکی نەتەوەپەرستیش پلەی چوارەمی بە دەستهێناوە.

بەپێی ڕۆیتەرز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی دەڵێت " ڕوون و ئاشکرایە هەڵبژاردنەکان نە ئازاد بوون و نە بە شێوەیەکی دادپەروەرانەش بوون، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەڕێز پوتن ڕکابەرە سیاسییەکانی زیندانی کردووە و ڕێگری لەوانی دیکە کردووە لە هەڵبژاردنەکاندا ڕووبەڕووی بوەستنەوە."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی "پوتن ئالوودەی دەسەڵات بووە."

وتیشی " هیچ کارێکی دڕندە نییە پوتن ئەنجامی نەدات لە پێناو درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەی."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد کامیرۆن ڕەخنەی لە هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا گرت و وتی " بژاردەی تێدا نەبووە بۆ دەنگدەران "، هیچ چاودێرییەکی سەربەخۆی ڕێکخراویی ئاسایش و هاریکاری لە ئەوروپا لەوێ نەبووە.

کامیرۆن وتی " ئەمە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە ناچێت."

چین پیرۆزبایی لە پوتن کرد و تیشکی خستە سەر پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لین جیان کاتێک سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا پرسیاری لێکرا وتی " بە توندی بڕوامان وایە کە لە ژێر ڕێنماییە ستراتیژییەکەی سەرۆک شی جینپینگ و سەرۆک پوتندا، پەیوەندییەکانی چین و ڕووسیا بەردەوام دەبن لە بەرەوپێشچوون."

ڕابەرانی کۆریای باکوور و هوندۆراس و نیکاراگوا و ڤەنزوێلاش پەیامییان سەبارەت بە سەرکەوتنی پوتن بڵاوکردەوە.

مانگی ڕابردوو ئالێکسی ناڤاڵنی ڕکابەری سەرسەختی پوتن لە زیندانێکی ڕووسیادا گیانی لە دەستدا. ڕەخنەگرانی دیکەی دیکەی پوتن یان ئەوەتا لە زینداندان یان دەربەدەربوون. بەڵام لەسەر دوایین داوای سیاسی ناڤاڵنی پێش مردنی، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران لە شارە گەورەکان بە دیاریکراوی لە نیوەڕۆدا ڕوویان کردە سندووقەکانی دەنگدان و دژی پوتن دەنگییان دا.

لایەنگرانی ناڤاڵنی داوایان لە خەڵکەکە کرد بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن، ناڤاڵنی بە ماوەیەکی کورت پێش مردنی پشتگیری لە خۆپیشاندان کرد دژی پوتن.

هاوکات ئەوانی دیکە وتیان ناو و مەرگەکەی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەنووسن. چەندین حاڵەتی تێکدانیش لە ناوەندەکانی دەنگداندا تۆمار کراون.

گروپی OVD ئینفۆ کە چاودێری دەستگیرکردنە سیاسییەکان دەکات لە ڕووسیادا، وتی ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە 50 کەس لە 14 شاری ڕووسیادا دەستگیرکراون.

خۆپیشاندانی لەو شێوەیەش لە باڵیۆزخانەکانی ڕووسیادا لە سەرانسەری جیهاندا ڕوویان دا. لە ناوەندەکانی دەنگدان لە دامەزراوە دیبلۆماتییەکانی ڕووسیا لە ئوسترالیا و ئەرمینیا و کازاخستان و ژاپۆن، لە نیوەڕۆدا سەدان ڕووسیایی لە ڕیزدا وەستابوون.

هاوکات لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، خێزانەکەی ناڤاڵنی، یولیا ناڤاڵنایا کە بووەتە ڕووخساری کەمپینەکەی ناڤاڵنی دوابەدوای مردنی، لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەرلین دەرکەوت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی، ئەوانی دیکەش چەپڵەیان لێدەدا و هاواری یولیایان دەکرد.

لە 15 ی مانگی سێدا یولیا ناڤالنایا لە گردبوونەوەیەکدا لە بوداپێست پەیامێکی نارد و وتی " ئالێکسی شەڕی بۆ شتە سادەکان دەکرد: شەڕی بۆ ئازادی ڕادەربڕین دەکرد، شەڕی بۆ هەڵبژاردنی دادپەروەرانە دەکرد، شەڕی بۆ دیموکراسی و مافەکانمان بۆ ژیانکردن بەبێ گەندەڵی و جەنگ دەکرد. پوتن ڕووسیا نیە. ڕووسیا پوتن نییە."

پوتن لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە مردنی ناڤاڵنی وتی " ڕووداوێکی ناخۆش " بووە. پوتن وتیشی پشتگیری لە ئاڵوگۆڕکردنێکی زیندانییەکان کردووە بە ناڤاڵنیشەوە.

بەڵام سەرەڕای ناڕەزایی دەربڕین دژی پوتن، سەرکەوتنەکەی پوتن گومانی تێدا نەبوو. ئەگەر شەش ساڵی دیکە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە تەواو بکات، ئەوا پوتن جۆزیف ستالین تێپەڕ دەکات و دەبێتە یەکەمین سەرۆکی وڵاتەکە لە ماوەی زیاتر لە دوو سەدەدا بۆ زۆرترین ماوە سەرۆک بووبێت.