قەتەڕ کاردەکات بۆ هێنانەدی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس

سەرۆک وەزیری قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلثانی

ڕۆژی هەینی قەتەڕ ڕایگەیاند بەردەوامە لە هەوڵە نێوەندگرییەکانی بۆ " پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی " نێوانی ئیسڕائیل و حەماس لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسڕائیلییانەی کە لە غەززە گیراون.

قەتەڕ لەگەڵ ئەمەریکا و میسڕدا، چەندین مانگە لە گفتوگۆدان لەسەر وردەکارییەکانی ئاگربەستێک لە غەززەدا.

بەڵام جگە لە ئاگربەستە حەوت ڕۆژەییەکەی مانگی یانزە، کە بووە هۆی ئازادکردنی زیاتر لە 100 بارمتە، هیچ وەستانێکی دیکە لە شەڕەکەی ناو غەززەدا نەبووە.

سەرۆک وەزیری قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلثانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا خۆسێ مانوێل ئەلبارێسدا لە مەدرید وتی " لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەبێ وەستان بەردەوام بووین لە هەوڵەکانمان."

وتی " چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردایەتی حەماسدا کراوە تاوەکو ئەو بۆشاییەی نێوان دوو لایەنەکە پڕبکەینەوە و بگەین بە ڕێککەوتنێک کە دەبێتە هۆی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان کە لە غەززە گیراون."

گفتوگۆکان لە پلانێکەوە سەرچاوەیان گرتووە کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە 31 ی مانگی پێنجدا ڕایگەیاند، پلانەکە داوای کشانەوەی ئیسڕائیل دەکات لە " ناوچە سەرەکییەکانی دانیشتوان " لە غەززە و ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی، کە دەکرێت درێژبکرێتەوە ئەگەر دانوستکاران کاتی زیاترییان پێویست بێت بۆ هەوڵدان بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

سەرۆک وەزیری قەتەڕ وتی " هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووین بە ڕێککەوتنێک کە هەست بکەین گونجاوترین و نزیکترینە لەوەی کە پێشنیار کراوە."

وتی " هەر کە ئەمە تەواو ببێت، قسە لەگەڵ ئیسڕائیلییەکاندا دەکەین تاوەکو بۆشاییەکە پڕبکەینەوە و بە زووترین کات بگەین بە ڕێککەوتنێک."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس