پرسی راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کاندا

پرسی راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان جارێکی تر کۆڕوکۆبوونه‌وه‌کان و باسکردنی له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆی هه‌رێمیش گه‌رمترده‌کات، به‌ تایبه‌تی دوابه‌دوای چاوپیکه‌وتنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سایتی مۆنیته‌ردا، تاراده‌یه‌ک کاتی ئه‌و راپرسییه‌یی دیاری کردووه‌.

ئایا ئه‌م پرسه‌و ئه‌گه‌ری راپرسی کردن تاوه‌کو چه‌ند ولاتانی دراوسێ قایل ده‌کات. هه‌روه‌ها پشتیوانی ده‌ره‌کی تاچه‌ند پشتگیری ئه‌و خواسته‌ ده‌که‌ن؟ ئه‌ی له‌ناوخۆی هه‌رێم ئه‌و هه‌موو ناکۆکییه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، کاریگه‌رییان نابێت؟ له‌و باره‌یه‌وه‌ نوسه‌رو شیکه‌ره‌وه‌ عارف قوربانی له‌ وتوێژی به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی وڵاتانی زل هێز ودراوسێکانی هه‌رێمی کوردستان، ده‌ڵێت "ئێستا ئه‌و 6 مانگه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ گه‌وره‌ترین ئه‌زموونه‌ بۆ کورد که‌ له‌ ناخۆی هه‌رێمی کوردستان بتوانێت گرفته‌ ناوخۆییه‌کانی به‌ تایبه‌تی نێوانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ئاسایی بکاته‌وه‌، به‌لام ده‌وله‌تانی دراوسی هه‌موو توانایه‌ک ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ دروست کردنی له‌مپه‌ر له‌و راپرسییه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵوێستی تورکیا له‌ مه‌ر هه‌رێمی کوردستان له‌چاو رابردوو باشتره‌. ‌سه‌باره‌ت به‌ وڵاتانی زل هێزیش، به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری. هه‌روه‌ها ده‌خوازن ناوچه‌یه‌کی تا راده‌یه‌ک جێگیر له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی و ده‌سه‌ڵاتیان بپارێزریت، ئه‌و جێگایه‌ش ناوچه‌ کوردییه‌کانه‌."

لێره‌ له‌ ئه‌مریکا زۆریک له‌ ناوه‌نده‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ دوای نه‌مانی داعش ئه‌و ناوچانه‌ گۆڕانکاری له‌خۆی ده‌گرێت، کێشه‌ی کورد یه‌ک له‌و گۆرانکارییانه‌ ده‌بێت، قوربانیش هه‌مان بۆچوونی هه‌یه‌ و ده‌شڵێت"ئه‌گه‌ر کورد نه‌توانێ خۆی بۆ ئه‌و گۆرانکارییانه‌ ئاماده‌بکات، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ له‌ ده‌ستدانی مێژوو ره‌حم به‌که‌س ناکات و ده‌بێت 100 ساڵی تر کورد به‌ کێشه‌ی بێ ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بنالێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی کوردیش دروست نه‌بێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێ گرفت نابێت."

ته‌واوی ئه‌م وتوێژه‌ی په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریکا یه‌حیا به‌رزنجی لەگەڵ عارف قوربانی ؛ نوسەر وشیکەرەوە سازیداوە لەم فایلە دەنگیەدا دەبیستن.

Your browser doesn’t support HTML5

وتوێژ لەگەڵ عارف قوربانی