لێشاوی پەنابەران لە ناگۆرنۆ قەرەباغەوە بۆ ناو ئەرمینیا

هەزاران پەنابەر لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ چوونە ئەرمینیاوە، لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئازەربایجان و سەرۆکی تورکیای هاوپەیمانی کۆبوونەوەیەکییان ئەنجامدا و ئاماژەیان بە سەرکەوتنی ئازەربایجان بەسەر هێزە جیاخوازەکانی قەرەبا‌غ کرد.

لە کاتێکدا کە ئازەربایجان پشتیوانییەکانی تورکیای بۆ وڵاتەکە دەرخست، ڕووسیای هاوپەیمانی ئەرمینیا دژی سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان لێدوانیدا، ئەوەش دوای ئەوەی پاشینیان لۆمەی مۆسکۆی کرد لەسەر شکستە خێراکەی ناوچە جێناکۆکی لەسەرەکە، کە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغی ئازەربایجانە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەرمەنەکانی تێدا دەژی.

دوای شەڕەکەی هەفتەی ڕابردوو، ئەرمینیا دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە یەکەمین لێشاوی پەنابەران گەیشتنە ئەرمینیا و تاوەکو ئێستا 4,850 کەس چوونەتە ناو ئەرمینیاوە.

پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەیان بەوەدا پەنابەرەکان لە ناوەندێکی مرۆییدا کۆبوونەتەوە کە لە شانۆیەکی ناوخۆییدا دامەزراوە لە شاری گۆریس، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ناوییان تۆمار بکەن بۆ گواستنەوە و نیشتەجێکردنییان.

ئەرمینیا و ئازەربایجان کە هەردووکییان پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون، تاوەکو ئێستا دوو جار لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ شەڕییان کردووە، زۆربەی دانیشتوانەکەی ئەرمەنین، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە بەشێک لە ئازەربایجان ناسراوە.

لە 9 ی مانگی نۆدا ئازەربایجان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دەستپێکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە، جیاخوازەکانی هەرێمەکەی ناچار کرد چەکەکانییان دابنێن، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنێکی ئاگربەست کە ڕۆژی دواتر واژۆ کرا.

کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەرێمەکە لەلایەن ئازەربایجانەوە دوای نۆ مانگ دێت لە گەمارۆدانی لەلایەن ئازەربایجانەوە، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی پێویستییەکان لە هەرێمەکەدا.

جیاخوازەکان دەڵێن لە ماوەی شەڕەکەی هەفتەی ڕابردوودا 200 کەس کوژراون.

ئازەربایجان ڕایگەیاند بەهۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراوەوە بە ئوتومبێلەکەیاندا، دوو سەربازیی هێزەکانی کوژراون.

دەزگای هەواڵی ئازەربایجان وتی بەرپرسان خولی دووەمی گفتوگۆکانییان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەرمەنی ناگۆرنۆ قەرەباغدا دەستپێکردووەتەوە کە ئامانج لێیان " یەکخستنییانە " لەگەڵ ئازەربایجاندا.

بەڵام لەسەر ئەو ڕێگایەی کە دەچێتەوە سەر ئەرمینیا، خەڵکی زیاتر و زیاتر لە هەرێمەکە هەڵدێن، لە کاتێکدا کە شایەتحاڵان دەڵێن ئوتومبێلەکان لەو ڕێگایەدا ڕیزییان گرتووە بگەنە ئەرمینیا.

سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالیێڤ لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی هاوپەیمانی نزیکیدا کۆبووەوە و ئاماژەی بە سەرکەوتنەکەیدا لە قەرەباغ.

هاوکات ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری ئەرمینیا لۆمەی ئەو دەرەنجامەی کرد کە ئەرمینیا بە تەنها ڕێککەوتنی ئاسایشی لەگەڵ ڕووسیادا کردووە، ئاماژەی بە شکستی ئەو ڕێککەوتنەدا کە لە نێوان ڕووسیا و ئەرمینیادا هەیە.

سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان وتی ڕێککەوتنەکانی ئاسایش لە نێوان دوو وڵاتەکەدا سەلماندی کە " کاریگەر نین "، ئاماژەی بەوەدا هەوڵی هاوپەیمانی نوێ دەدات.

ڕۆژی دووشەممە مۆسکۆ ڕەخنەکانی پاشینیانی ڕەت کردەوە. وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " ئێمە هەرگیز ئەو جۆرە تۆمەتانە قبووڵ ناکەین."

ئەرمینیا ئەندامە لە ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بە کۆمەڵدا کە ڕووسیا ڕابەرایەتی دەکات و لە شەش وڵات پێکدێت کە سەرجەمییان پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون، شەش وڵاتەکە بەڵێنییانداوە یەکتری بپارێزن ئەگەر هێرش بکرێتە سەرییان.

بەڵام ڕووسیا ڕەتی کردەوە بێت بە هانای ئەرمینیاوە، باسی لەوە کرد ئەرمینیا دانیناوە بە هەرێمە جێناکۆکی لەسەرەکەدا وەکو بەشێک لە ئازەربایجان.

ئێستا، هێزە ئاشتی پارێزەکانی ڕووسیا، کە شەش کەسییان لە شەڕەکەی ئەمدواییەدا کوژران، یارمەتی ئازەربایجان دەدەن لە چەککردنی جیاخوازەکانی قەرەباغدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس