ژماره‌ی ئاواره‌كانی ناوخۆیی له ساڵی 2005 هەتا 2016 له هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته نزیكه‌ی یەک ملیۆن و 680 هەزار كه‌س و زۆربه‌یان له پارێزگای دهۆكن كه 15% ئاواره‌كانی ناوخۆیی دهۆک له‌ناو كه‌مپه‌كانی نیشته‌جێكراون و 85% دیكه‌ش له ده‌ره‌وه كه‌مپه‌كان ده‌ژین.
له هه‌ولێر و سلێمانی نزیكه‌ی 97% ئاواره‌كانی ناوخۆیی له ناو كه‌مپه‌كان ده‌ژین و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كانن.
سەبارەت بە ئاوارەکانى سوریا ، له مانگی ته‌موزی 2015 تا ئێستا سێ هه‌زار په‌نابه‌ری كوردی سوریا بۆ شاری كۆبانێ گه‌ڕاونەتەوه، كه پاش رووداوه‌كانی سوریا 249 هه‌زار په‌نابه‌ری ئه‌و وڵاته روویان كردۆته هه‌رێمی كوردستان و 40% له‌و په‌نابه‌رانه له ناو كه‌مپه‌كان ده‌ژین كه نۆ كه‌مپ بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه دروستكراون و 60% دیكه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان نیشته‌جێبوونه.
سەبارەت بە قەیرانی ئاوارەکانی ناوخۆ و توانستەکانی هەرێم بۆ خزمەتکردنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ نەجات عومەر حەمید یەکێکە لە سەرپەرشتیارەکانی نوسینگەی سەنتەری هەماهەنگی قەیرانەکان لە شاری سلێمانی سازکردووە.
نەجات عومەر دەڵێت "رێکخراوە ناوخۆییەکان دەورو کاریگەرییەکی زۆر باشیان هەبووە لەڕووی کەموکوڕییەکانی ئاوارەکان، هەر ئێستا ئەمڕۆ کۆمپانیاییەک هاتووە 1800 پارچە جلوبەرگی تازەی هێناوە بۆ ئاوارەکانی عەربەت، رێکخراوەکان بونەتە پاڵپشتێک بۆ ئاوارەکان و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی ئاوارەکان."
هەروەها دەڵێت "تەنانەت لە کۆمەڵێک خوێندکاری تەمەن 6 بۆ 12 ساڵەوە سێ لۆری جلوبەرگیان هێنابوو بۆ ئاوارەکان لە کەلارەوە، تەنانەت وای لێهاتبوو بووبووە پێشبڕکێ لەنێوان سلێمانی و کەلاردا."
سەبارەت بەوەی ئێستاکە نەک هەر ئاوارەکان پێویستیان بە یارمەتی هەیە، بگرە هاوڵاتیانیش پێویستیان بە کۆمەک هەیە؛ نەجات عومەر دەڵێت "لە کۆبونەوەکاندا بە رێکخراوەکانمان وتووە دەتوانن کۆمەکی خەڵکی خۆشمان بکەن...لەبەرئەوەی خەڵکانێک هەن زۆر زۆر نەدارن هەیە 6 مانگە موچەی وەرنەگرتووە، کەمئەندامان و نابینایان و کورتەباڵایان روودەکەنە بەڕێوبەرایەتی پارێزگاری سلێمانی بۆ یارمەتی و کۆمەک؛ بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ رێکخراوە جیهانییەکاندا گفتوگۆمان کردووە بۆئەوەی یارمەتی ئەوانیش بدەن."
لەڕێی ئەم لینکەوە گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە دەبن.....
Your browser doesn’t support HTML5