ئۆکرانیا پردێک لە باشووری داگیرکراوی وڵاتەکە دەکاتە ئامانج کە هێزەکانی ڕووسیا بەکارییان هێناوە

بەرپرسێکی هەرێمیی ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا پردێکیان لە هەرێمی خێرسۆنی سەر دەریای ڕەش کردۆتە ئامانج کە هێزەکانی ڕووسیا بۆ گواستنەوەی پێویستی و کەلوپەلەکانیان بەکارییان هێناوە، لەکاتێکدا کیێڤ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی پێچەوانەی گەورە بۆ سەر هەرێمەکە، کە مەبەست لێی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانییەتی.

ڕاوێژکاری فەرمانڕەوای هەرێمی خێرسۆن سێرهێی خلان وتی هێرشەکە پردی داریڤسکی سەر ڕووباری ئینگولێتسی کردۆتە ئامانج کە وەکو ڕێڕەوێکی گواستنەوەی پێویستییەکانی هێزەکانی ڕووسیا بەکارهێندراوە.

خلان وتی " هەموو پردێک خاڵی لاوازی ئەرکە لۆجیستییەکانن و هێزە چەکدارەکانیشمان بە کارامەییەوە سیستمی دوژمن لەناودەبەن. ئەمە هێشتا ئازادکردنی خێرسۆن نیە، بەڵام هەنگاوێکی جددی ئامادەکارییە بۆ ئەو مەبەستە."

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی وتی جێگری بەرپرسی دەسەڵاتی هەرێمی لە خێرسۆن کە لەلایەن ڕووسیاوە داندراوە دەڵێت پردەکە لەڕێی سیستمە تۆپهاوێژەکانی ڕۆژئاواوە بە حەوت موشەک لێیدراوە، بەڵام هێشتا پردەکە کاردەکات.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکانی هەردوولا پشتڕاست بکاتەوە.

ئۆکرانیا چەکی پێشکەوتووی مەودا درێژی ڕۆژئاوا بەکاردەهێنێت بۆ بە ئامانجکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی پێویستیەکانی هێزەکانی ڕووسیا و کۆگاکانی تەقەمەنی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی جەنگەکە و ئامادەکاریکردن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی پێچەوانە بۆ سەر هەرێمی خێرسۆنی داگیرکراو.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، مۆسکۆ توانیویەتی کۆمەڵێک ناوچەی بەرفراوانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز