باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هۆڵەکەی بەجێهێشت، ئەوەش لەکاتێکدا کە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل وتارێکی پێشکەشی 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە کرد و تیایدا مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی زیادکردنی قەیرانی خۆراکی جیهان لەڕێی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.
میشێل هێزەکانی ڕووسیاشی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی تۆمەتبار کرد، ئاماژەی بەو ڕاپۆرتانەشدا کە باس لە توندوتیژی سێکسی دەکەن کە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو، بە " تاکتیکێکی ئەشکەنجەدان و تیرۆرکردن و سەرکوتکردن " ناویبرد.
نیبینزیا پێشتر لە بەیاننامەیەکدا لە کۆبوونەوەکەدا تۆمەتەکانی ئەنجامدانی توندوتیژی سێکسی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە " ڕەت کردەوە " و سەرکۆنەی کرد و وتی ئەوە " درۆیە."
کاتێک لە میانەی وتارەکەی میشێلدا نیبینزیا هۆڵەکەی جێهێشت، بێزاربوونی پێوە دیار بوو، بە ڕۆیتەرزی وت " نەمتوانی بمێنمەوە بەهۆی ئەو درۆیانەوە کە چاڕڵس میشێل هاتووە بۆ ئێرە بڵاوییان بکاتەوە."
لەکاتی جێهێشتنی هۆڵەکەدا میشێل ڕاستەوخۆ بە نیبینزیای وت " دەتوانیت هۆڵەکە جێبهێڵیت، لەوانەیە ئاسانتر بێت گوێت لە ڕاستییەکە نەبێت."
داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا و نرخی گەنم و زەیت و سوتەمەنی و پەین زیادییان کردووە. ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە نزیکەی سێیەکی پێویستییەکانی گەنمی جیهان دابین دەکەن.
میشێل لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا وتی " بەڕێز باڵیۆزی فیدراسیۆنی ڕووسیا، با ڕاستگۆ بین، کرێملن خۆراک وەکو موشەکی شەبەح دژی وڵاتانی پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت. ڕووسیا بە تەنها بەرپرسە لەم قەیرانی خۆراکە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز