ڕوسیا دەڵێت هۆشیاری دەداتە ڕۆژئاوا لەسەر هەر زیادەڕۆییەک لە جەمسەری باکووردا

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ دەڵێت نابێت وڵاتانی ڕۆژئاوا داواکاریـیان هەبێت لە ناوچەی جەمسەری باکوور، ئەمەش پێش کۆبوونەوەکەی " ئەنجومەنی ناوچەی جەمسەری باکوور " کە وەها بڕیارە ئەم هەفتەیە لە ڕیکیاڤیک بەڕێوەبچێت.

لەم ساڵانەی دواییدا ناوچەی جەمسەری باکوور بۆتە شوێنێک کە ڕکابەرایەتیەکی جیۆسیاسیی لەسەر دەکرێت لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە " ئەنجومەنی ناوچەی جەمسەری باکووردا " کە هەریەک لە ڕوسیا و ئەمەریکا و کەنەدا و نەرویج و دانیمارک و سوید و فینلاند و ئایسلەندا ئەندامن تیایدا.

وابڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنەکە کە پێکهاتووە لە هەشت وڵات ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەڕێوەبچێت.

لاڤرۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ وتی " ماوەیەکی زۆرە لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمە خاکی ئێمەیە، ئێمە بەرپرسین لە پارێزراویی کەناراوەکانمان لە ناوچەی جەمسەری باکوور."

وتیشی " دووبارە جەخت لەوە دەکەمەوە، ئەمە خاک و ئاوی ئێمەیە."

ئەوەشی خستەڕوو " بەڵام کاتێک هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵ دەدات بیانوو بۆ پێشڕەوییەکانی بهێنێتەوە لە ناوچەی جەمسەری باکووردا، ڕەوشەکە جیاواز دەبێت و پرسیارمان دەبێت بۆ دراوسێکانمان لەوانەش نەرویج کە هەوڵی ئەوە دەدەن هۆکار بدۆزنەوە بۆ پێشڕەوییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ناوچەی جەمسەری باکوور."

لە مانگی دوودا ئەمەریکا تۆپهاوێژی ستراتیژیی ڕەوانەی نەرویج کرد بەمەبەستی ئەوەی مەشقی لەسەر بکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕۆژئاوادا بۆ پتەوکردنی بوونی سەربازییان لە ناوچەکەدا.

لە ساڵی 2018 دا و بۆ یەکەمین جار لە دوای ساڵی هەشتاکانەوە، هێزی دەریایی ئەمەریکا کەشتیەکی فڕۆکە هەڵگری ڕەوانەی دەریای نەرویج کرد.

لەم ساڵانەی دواییشدا سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ناوچەی جەمسەری باکووری بە ئەرکێکی ستراتیژیی سەرەکی داناوە و فەرمانی کردووە وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری سەربازیی و دەرکردنی کانزا سروشتیەکان بکرێت لە ناوچەکەدا.

لەکاتێکیشدا ڕووپۆشی سەهۆڵەکەی جەمسەری باکوور وردە وردە دەتوێتەوە، ڕوسیا هیوادارە بتوانێت وەکو ڕێڕەوێکی ئاویی بەکاریبهێنێت بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ دەرەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس