باڵیۆزی بەڕیتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باربەرا وودوارد دەڵێت ڕووسیا هەوڵ دەدات چەکی زیاتری لە ئێرانەوە دەست بکەوێت، لەوانەش سەدان موشەکی باڵیستیکی، لە بەرامبەریشدا پێشنیاری ئاستێکی بێپێشینەی پشتیوانی سەربازیی و تەکنیکی کردووە بۆ ئێران.
وودوارد وتی لە مانگی هەشتەوە ئێران سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گواستۆتەوە بۆ ڕووسیا، ڕووسیاش بۆ " کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کردنە ئامانجی نایاسایی ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکرانیا بەکاری هێناون."
وودوارد بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕووسیا ئێستا هەوڵ دەدات چەکی نوێی دەستبکەوێت، بە سەدان موشەکی باڵیستیکیشەوە."
وتیشی " لە بەرامبەر ئەوەدا ڕووسیا پێشنیاری ئاستێکی نوێی پشتیوانی سەربازیی و تەکنیکی دەکات بۆ ئێران. ئێمە نیگەرانین لەسەر ئەوەی ڕووسیا نیازی هەبێت کەلوپەلی سەربازیی پێشکەوتووتر بدات بە ئێران، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران بتوانێت توانای چەکەکانی پتەوتر بکات."
وتیشی بەریتانیا " دڵنیایە لەوەی ڕووسیا هەوڵی ئەوە دەدات چەک لە کۆریای باکوور و وڵاتانی دیکەی سزا دراوەوە وەربگرێت، لە کاتێکدا کە چەکەکانیان لە کۆگاکانی خۆیاندا خەریکە کەم دەبنەوە."
باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا بە ئەنجومەی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت مۆسکۆ پێشتر و " چەند جارێک " ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە لەسەر ئەوەی ڕووسیا کەلوپەلی سەربازیی لە ئێرانەوە وەرگرتبێت.
وتی " پیشەسازی سەربازیی ڕووسیا دەتوانێت زۆر بە باشی کار بکات و پێویستی بە یارمەتی هیچ کەسێک نیە، هاوکات پیشەسازی ئۆکرانیا هەر بوونیشی نیە و لەلایەن پێشەسازی سەربازیی ڕۆژئاواوە یارمەتی دەدرێت."
ئەمەریکا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا و ئۆکرانیا دەڵێن دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا پێشێلکردنی بڕیارەکەی ساڵی 2015 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز