ڕووسیا داوا لە ناتۆ دەکات لە کۆبوونەوەکەیدا تاوتوێی وێستگەی ئەتۆمی ئۆکرانیا بکەن

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا دەڵێت ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ماوەی لوتکەکەی دواترییاندا لەم هەفتەیەدا دەبێت تاوتوێی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا بکەن.

لە 11-12 ی مانگی حەوتدا ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا کۆدەبنەوە و باس لە کۆمەڵێک بابەت دەکەن، لە دابەشبوونی ئەندامانی ناتۆوە سەبارەت بە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ و هەوڵەکانی سوید بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتییەکەدا بۆ کۆگاکانی تەقەمەنی هاوپەیمانێتییەکە و پێداچوونەوە بە یەکەم پلانی بەرگری هاوپەیمانێتییەکە لە دوای چەند دەیەیەکەوە.

زاخارۆڤا ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " زیانگەیاندن بە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا بە شێوەیەکی ڕێکخراو " و وتی " سەرنجی سەرەکی لوتکەکە ناتۆ دەبێت بۆ ئەو بابەتە تەرخان بکرێت."

وتی " لە کۆتاییدا زۆرینەی ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە لە ناوچەی کاریگەریی ڕاستەوخۆدا دەبن ئەگەر شتێک بەسەر وێستگەکەدا ڕووبدات."

ڤیلنیوس نزیکەی 1000 کم لە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژای ئۆکرانیاوە دوورە، کە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا.

ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر وێستگەکە، کە دەکەوێتە هەرێمی زاپۆریژاوە کە هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵییان کردووە، هەروەها نزیکە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسی چەند ڕۆژێکە هۆشداری دەدات لەسەر ئەو مەترسییە گەورەیەی لەسەر دامەزراوەکە هەیە، لەمدواییانەدا هێزەکانی ڕووسیا سەربانی چەند ڕیاکتەرێکی وێستگەکەیان مینڕێژ کردووە.

شارەزایانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کە لە وێستگەکەدان دەڵێن هێشتا دەبێت چاودێری هەر ئاماژەیەک بکەن لەسەر بوونی تەقەمەنی لە وێستگەکەدا، بەڵام پێویستیشییان بە دەستڕاگەیشتنی زیاتر هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز