ڕووسیا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر کیێڤ

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕووسیا هێرشێکی نوێی ئاسمانی لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کردە سەر کیێڤ و ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری ئۆکرانیا، بەڵام دەستبەجێ هەواڵی کەوتنەوەی زیانی گیانی یاخود دارایی نەبووە.

هیچ هەواڵێک نەبوون لەسەر هێرشی نوێ بۆ سەر باشووری ئۆکرانیا، کە دوای ئەوەی ڕووسیا لە ڕێککەوتنی دانەوێڵە کشایەوە ڕۆژانە ئەو ناوچانەی بۆردومان کردووە.

بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی سەربازیی کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی دروستکراوی ئێرانی بەکارهێناوە بۆ هێرش کردنە سەر کیێڤ و لەم مانگەدا ئەمە شەشهەمین جار بوو ئەو فڕۆکانە دژی کیێڤ بەکاربهێندرێن.

زەنگەکانی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە هەرێمی کیێڤدا لێدراون. فەرمانڕەوای هەرێمی کیێڤ ڕوسلان کراڤچینکۆ وتی هیچ هەواڵێک نەبوون لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی، ئەمەش سەرەڕای کەوتنە خوارەوە پارچەکانی فڕۆکەکان کە بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەک.

وتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا یوری ئیهنات وتی بەرگرییە ئاسمانییەکان لە سێ هەرێمی باکووری ئۆکرانیا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.

وتی " نزیکەی 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆمارکراون، زانیارییەکە ڕوون بووەتەوە." وتیشی پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوبراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز