وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند 40 دیبلۆماتکاری ئەڵمانی لە وڵاتەکەدا دەردەکات، ئەوەش وەکو تۆڵەیەک لە هەنگاوەکەی بەرلین بۆ دەرکردنی 40 دیبلۆماتکاری ڕووسی لە ئەڵمانیادا.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی بڕیاری دەرکردنی ئەو دیبلۆماتکارانە دوای ئەوەیە کە لە 4 ی مانگی چواردا ئەڵمانیا ڕایگەیاند " ژمارەیەکی زۆر " لە دیبلۆماتکارانی ڕووسیا لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەرلین " نەخوازراون."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بێربۆک وتی ئەو ڕووسییانەی کە لە ئەڵمانیا دەرکراون لەڕاستیدا هەرگیز کاری دیبلۆماتکارییان نەکردووە لە ئەڵمانیا، بەڵکو " بەشێوەیەکی ڕێکخراو دژی ئازادیی و گونجاویی کۆمەڵگەکەمان کارییان کردووە."
بێربۆک لە بەیاننامەیەکدا وتی بەپێچەوانەوە دیبلۆماتکارانی ئەڵمانیا لە ڕووسیا سەرەڕای ساتە سەختەکانیش زۆر بەجددی لەپێناو پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەڵمانیادا کارییان کردووە، وتیشی بڕیارەکەی ڕووسیا پێشبینی کراو بووە.
وتی " بە دەرکردنەکانی ئەمڕۆ ڕووسیا زیان بە خۆی دەگەیەنێت."
ئەڵمانیا یەکێکە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا کە دیبلۆماتکارانی ڕووسیایان لە وڵاتەکانیان دەرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕی بە کۆمەڵ و کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارۆچکەی بوچای ئۆکرانیا بڵاوبۆوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا