ڕەخنەگرێک لە پوتن سزای 25 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

ڕەخنەگری کرێملن ڤلادیمیر کارا مورزا

ڤلادیمیر کارا مورزای ڕەخنەگر لە کرێملن لەلایەن دادگایەکی مۆسکۆوە سزای 25 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە دادگاکەدا کە خۆی دەڵێت پاڵنەرەکەی سیاسیی بووە بە تۆمەتی ناپاکیکردن و تاوانی دیکە تۆمەتبار کرا.

کارا مورزای تەمەن 41 ساڵ کە باوکی سێ منداڵە و سیاسییەکی ئۆپۆزسیۆنە و ڕەگەزنامەی ڕووسی و بەڕیتانی هەیە، ماوەی چەندین ساڵە دژی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن قسە دەکات و سەرکەوتوو بووە لە ڕازیکردنی حکومەتەکانی ڕۆژئاوادا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیا و ئەو بەرپرسانەی ڕووسیادا کە مافەکانی مرۆڤییان پێشێل کردووە.

لێکۆڵەرەوانی ڕووسیا کە داوای سزای 25 ساڵ زیندانیکردنیان کردبوو، بە تۆمەتی ناپاکی و تاوانی دیکە و لکەدارکردنی سوپای ڕووسیا تۆمەتبارییان کرد، ئەوەش دوای " بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە " سەبارەت بە کارەکانی سوپای ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات.

لە ساڵی 1999 ەوە دوای ئەوەی پوتن بووە سەرۆکی ڕووسیا، ئەم سزایە قورسترین سزایە سەپێندرابێت بەسەر ڕەخنەگرێکی کرێملندا.

چەند کاتژمێرێک پێش دەستگیرکردنی، کارا مورزا کە ماڵی خێزانەکەی لە واشنتنە و بەهۆی هەڵمەتێکییەوە دژی جەنگەکەی ڕووسیا گەڕابۆوە بۆ مۆسکۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن وتی ڕووسیا لەلایەن " ڕژێمێکی بکوژەکانەوە " بەڕێوەدەبرێت.

هەروەها وتارەکانی لە ئەمەریکا و ئەوروپا بەکارهێناوە بۆ تۆمەتبارکردنی ڕووسیا بە تۆمەتی بۆردومانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا، کە ڕووسیا ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

لە ماوەی دادگاییکردنەکەیدا کە سزای 25 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، کارا مورزا وتی " ڕووسیا ئازاد دەبێت "، ئەوەش دروشمێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیایە.

بەگوێرەی لێدوانەکانی ماریا ئیسمۆنتی پارێزەری، کارا مورزا لە دادگاییکردنەکەیدا زەردەخەنەی کردووە و وتوویەتی سزاکەی وەکو پێزانینێک یاخود ناساندنی کارەکانی دەزانێت.

وتی " کاتێک گوێی لە 25 ساڵەکە بوو، وتی: متمانەم بە خۆم زیادیکرد، تێدەگەم کە هەمووشتەکانم بە ڕاستی کردووە. ئەوە بەرزترین نمرەیە کە دەمتوانی بە دەستی بهێنم بۆ ئەو کارەی کە کردوومە، بۆ ئەوەی کە باوەڕم پێی بووە وەکو هاووڵاتییەک و نیشتیمانپەروەرێک."

لە دەرەوەی دادگای مۆسکۆ، باڵیۆزی بەڕیتانیا دێبرا برۆنێرت بە ڕۆژنامەنووسانی وت کارا مورزا لەسەر وەستانەوەی ئازایانەی بە ڕووی جەنگەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا سزا دراوە، هەروەها داوای ئازادکردنی کرد.

باڵیۆزی ئەمەریکا لین ترەیسی لە پاڵ بڕۆنێرتدا وتی تاوانبارکردنی کارا مورزا هەوڵێک بوو بۆ بێدەنگکردنی دەنگێکی ناڕازی.

وتی " بە تاوانکردنی ڕەخنەگرتن لە کارەکانی حکومەت نیشانەی لاوازییە نەک هێز."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز