میدیاکانی ڕووسیا و ئێران بڵاوییان کردەوە بەرپرسی باڵای ئاسایشی ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ ڕۆژی سێشەممە لە تاران لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیدا کۆبووەتەوە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی لە پیۆنگیانگ لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا کۆبووەوە.
ڕووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و کۆریای باکووردا زیاتر کردووە.
ئەمەریکا پێی وایە زیادبوونی ئەم پەیوەندییانە جێی نیگەرانین و دەڵێت هەردوو وڵاتەکە موشەکی باڵیستیکی دەدەن بە ڕووسیا تاوەکو لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت، مۆسکۆش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
گەشتەکانی شوێگۆ لە کاتێکی هەستیاری جەنگەکەدا دێن کە دوو ساڵ و نیوە بەردەوامە، لە کاتێکیشدایە کە کیێڤ داوا لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات ڕێگە بدەن چەکە مەودا دوورەکانییان بەکاربهێنێت بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو قووڵایی ڕووسیا.
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسیادا دەکەن ئەگەر ڕێگە بدەن ئۆکرانیا چەکە مەودا دوورەکانییان بەکاربهێنێت، وتیشی مۆسکۆ وەڵام دەداتەوە.
دەزگای هەواڵی نووری سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران وتی شوێگۆ لەگەڵ هاوتاکەی عەلی ئەکبەر ئەحمەدییاندا کۆبووەتەوە، دەستبەجێ ئەنجامی کۆبوونەوەکە نەزاندراوە.
ڕووسیا چەندین جار وتوویەتی کە نزیکە لە واژۆ کردنی ڕێککەوتنێکی گەورەوە لەگەڵ ئێراندا بۆ جێگیرکردنی هاوبەشییە ستراتیژییەکەی نێوان دوو وڵاتەکە.
شوێگۆ هەتاوەکو مانگی پێنج وەزیری بەرگری ڕووسیا بوو، دواتر وەکو سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا دەستنیشانکرا، ئەنجومەنەکە سوپای ڕووسیا و سەرکردە هەواڵگرییەکان و بەرپرسە باڵاکانی دیکە پێکەوە کۆدەکاتەوە.
جگە لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردووی لە کۆریای باکوور، شوێگۆ لە سەینت پیتەرسبێرگ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین وانگ ییشدا کۆبووەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز