بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سوریا لە ژێر مەترسیدان

تەرتوس، سوریا

هێرشەکانی یاخیبووەکانی سوریا کە بوونە هۆی دوورخستنەوەی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی مۆسکۆ، بنکە سەربازییەکانی ڕووسیایان لە سوریا خستووەتە مەترسییەوە.

بنکەی دەریایی تەرتوس و بنکەی ئاسمانی حمیمیم تەنها بنکەی سەربازیی ڕووسیان لە دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە چالاکییەکانی ڕووسیادا لە ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دەزگای ڕاگەیاندنی ڕووسیا دەڵێت ئۆپۆزسیۆنی سوریا " گرەنتی " ئاسایشی بنکەکانی داوە، بەڵام ڕوون نیە کە ئایا مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بنکانە یاخود نا.

بنکەی دەریایی تەرتوس:
بنکەکە لەسەر کەناری سوریا تەنها خاڵی هاتنە ناوەوەی ڕووسیایە بۆ ناو دەریای ناوەند.

بنکەکە وەکو شوێنێکی دابینکردنی سوتەمەنی و چاککردنەوە بۆ کەشتییەکانی ڕووسیا بەکارهێندراوە، بنکەکە وایکردووە کەشتیەکانی ڕووسیا بتوانن لە دەریای ناوەنددا بمێننەوە بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەندەرەکانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش لە ڕێی تەنگەکانی تورکیاوە.

لە ساڵی 1971 دا بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ سوریادا ئەو شوێنە بە کرێ درا بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی 1977 ەوە ئەو شوێنە بە تەواوەتی کاری تێدا کراوە، لە کاتێکدا کە هاریکارییەکانی سۆڤیەت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا لە ماوەی جەنگی سارددا زیاتر بوو.

بەندەرێکە لە قووڵایی دەریادا و ئەوەش ڕێگەیداوە بتوانێت میوانداری ژێرئاوگەڕە ئەتۆمییەکان بکات.

لە ساڵی 1991 دا کاتێک یەکێتی سۆڤیەت ڕووخا، زۆرێک لە بنکە سەربازییەکانی لە دەرەوە داخران، بەڵام تەرتوس بە کراوەیی مایەوە، بەڵام ژمارەی ئەوانەی کارییان تێدا دەکرد کەمتر بووەوە.

چالاکییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە بەندەرەکەدا لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا جارێکی دیکە زیادییان کردەوە، کاتێک یاخیبووەکان دژی ئەسەد شەڕییان کرد.

لە ساڵی 2015 دا ڕووسیا بە تەواوەتی لە ڕووی سەربازییەوە هاتە شەڕەکەوە بۆ پاراستنی ئەسەد و هێشتنەوەی لەسەر دەسەڵات، هێرشی ئاسمانی کوشندەی کردە سەر ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی گروپە یاخیبووە چەکدارییەکاندا بوون.

ڕۆژنامەی کۆمەرسانت دەڵێت تاوەکو ساڵی 2015، ژمارەی کارمەندانی بنکەکە لە " چەند کەسێکەوە " زیادیکرد بۆ زیاتر لە 1700 کەس، بەڵام لە دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ژمارەی سەربازەکان لەو بنکەیەدا لە سوریا نەزاندراوە.

لە ساڵی 2017 دا پوتن فەرمانیکرد بە فراوانکردنی بنکەکە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەسەد شوێنەکەی دایەوە بە کرێ بە ڕووسیا تاوەکو 49 ساڵی دیکە، بە خۆڕایی، بەڵام بەو مەرجەی کە ڕووسیا یارمەتی بدات لە هێشتنەوەی لە دەسەڵاتدا.

چارەنووسی بنکەکە لە ئێستادا نادیارە.

بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکانی پلانێت بۆ فرانس پرێس، لە 9 ی مانگی دوانزەدا هیچ کام لە کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا لە تەرتوس نەبوون.

ڕۆژی شەممە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ ڕەتی کردەوە کەشتییەکانی ڕووسیا بنکەکەیان جێهێشتبێت.

بنکەی ئاسمانی حمیمیم:

لە ساڵی 2015 دا ڕووسیا بنکەی ئاسمانی حمیمیمی لە سوریا دروست کرد، فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی لە نزیک شاری لازقییەی کرد بە بنکەی حمیمیم.

باوەڕوایە بنکەکە بە باشی پارێزراو بێت، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا دەڵێن بە بازنەیەکی ئاساییشی 250 کیلۆمەتری و بە بەرگری ئاسمانی پارێزگاری لێدەکرێت.

مۆسکۆ لە شەڕی ناوخۆی سوریادا ئەو بنکەیەی بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە سەرانسەری سوریادا.

سوپای ڕووسیا زانیاری سەبارەت بە ژمارەی ئەو هێزانەی بڵاوناکاتەوە کە ڕەوانەی دەرەوەیان دەکات، بەڵام زۆرێک لە شڕۆڤەکاران دەڵێن ژمارەی سەربازەکان لەو بنکەیە لە ساڵی 2022 ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، کاتێک مۆسکۆ دەستیکرد بە هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا.

باس لەوەش دەکرێت کە بنکەکە وەکو ناوەندێکی لۆجیستیکی و گواستنەوە بەکارهێندراوە بۆ گروپی سەربازیی بەکرێگیراویی ڤاگنەری ڕووسیا، کە ئۆپەراسیۆن لە ئەفریکا ئەنجام دەدات، کیشوەرێک کە ڕووسیا هەوڵ دەدات دەسەڵات و کاریگەرییەکانی تێیدا زیاتر بکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس