بەهۆی هێرشێکی موشەکی ڕووسیاوە بۆ سەر شارۆچکەیەکی ئۆکرانیا 12 کەس برینداربوون

ڤۆزنیسینک، ئۆکرانیا

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بەهۆی هێرشێکی موشەکی ڕووسیاوە بۆ سەر ناوچەیەکی دانیشتوان لە شارۆچکەیەکی باشووری ئۆکرانیا کە زۆر دوور نیە لە وێستگەیەکی ناوەکی ئۆکرانیاوە 12 کەس برینداربوون. ئەمەش ترس و نیگەرانییەکان سەبارەت بە کەوتنەوەی ڕووداوێکی ئەتۆمی زیاد کرد.

فەرمانڕەوای هەرێمی میکۆلایڤی ئۆکرانیا ڤیتالی کیم وتی لە هێرشەکەدا چوار منداڵیش لەنێو بریندارەکاندا بوون، هەروەها کۆمەڵێک خانووی تایبەت و بینایەکی پێنج نهۆمی دانیشتوان لە ڤۆزنیسینک زیانییان بەرکەتووە.

شارۆچکەکە 30 کم لە وێستگەی ناوەکی پیڤدینۆکراینسکەوە دوورە، کە دووەمین گەورەترین وێستگەیە لە ئۆکرانیادا.

ئۆفیسی داواکاری گشتی لە هەرێمی میکۆلایڤ لە ماوەی ڕابردوودا وتی 12 هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

کۆمپانیای ئینێرگۆتۆم کە سەرپەرشتی سەرجەم چوار وێستگە ناوەکییەکەی ئۆکرانیا دەکات، وتی هێرشەکەی سەر ڤۆزنیسینک " کردەوەیەکی دیکەی تیرۆری ئەتۆمی ڕووسیایە."

ڕۆژی شەممە چەند جارێک زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکی لە هەرێمی میکۆلایڤ بیستراوە.

ئینێرگۆتۆم لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕێی تێدەچێت ئەم موشەکە ڕاستەوخۆ ئامانجەکەی وێستگەی ناوەکی پیڤدینۆکراینسک بووبێت، کە هێزەکانی ڕووسیا لە سەرەتای مانگی سێدا هەوڵیاندا داگیری بکەن."

ڕووسیا تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر بارودۆخەکە نەداوە، ڕۆیتەرزیش دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ بارودۆخەکەی ڤۆزنیسینک پشتڕاست بکاتەوە. هیچ هەواڵێکیش نەبوون لەسەر ئەوەی وێستگەی پیڤدینۆکراینسک زیانی بەرکەوتبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز