گفتوگۆیەکی دەگمەن لەنێوان هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕوسیادا سەبارەت بە مەشقە سەربازییەکان و پەیماننامەی موشەک

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگ

هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕایگەیاند لەگەڵ ڕوسیادا گفتوگۆیان لەسەر مەشقە سەربازییە بەرفراوانەکان کردووە کە هەردوولا ئەنجامی دەدەن و هەروەها باسیان لە پەیماننامەی موشەکیش کردووە کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی سارد و ئەمەریکا بەڵێنیداوە بکشێتەوە لێی.

ئەم گفتوگۆیانە یەکەمین گفتوگۆن لە دوای مانگی پێنجەوە، ئەمەش لە نێوەندی بوونی گرژییەکاندا لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕوسیا بەهۆی کێشەکانی نێوانیانەوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەوە کە ڕوسیا لە ساڵی 2014 دا دوورگەی کریمیای داگیرکرد و دەستی هەیە لە ململانێکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا.

لە بەیاننامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا هاتووە دەڵێت هەردوولا بیروڕای خۆیان گۆڕیوەتەوە سەبارەت بە ئۆکرانیا و مەشقە سەربازییەکان لە ڤۆستۆک و مەشقەکانی ترایدنت جەنکچەر کە هاوپەیمانێتی ناتۆ ئەنجامی دەدات و هەروەها باسیان لە ڕەوشی ئەفغانستان و مەترسییەکان کردووە.

هاوپەیمانێتی ناتۆ لە نەرویج لەم مانگەدا گەورەترین مەشقی سەربازیی ئەنجامدا لە دوای جەنگی ساردەوە، کە نزیک بۆوە لە هەریەک لە سوید و فنلەندا سەرەڕای ئەوەی ئەندام نین لە هاوپەیمانێتیەکەدا بەهۆی ترسیان لە ڕۆڵی ڕوسیا لە ملاملانێکانی ئۆکرانیادا.

سەربازانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەنزیک سنووری ڕوسیا مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدەن، هەردوولا هەست بە بێزاربوون دەکەن لە مەشقە سەربازییەکانی یەکتر کە تیایدا هێز و تواناکانیان پیشان دەدەن.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگ داوای لە ڕوسیا کرد گۆڕانکاری خێرا بکات و تەواو پابەند بێت بە پەیماننامەی ناوەکیی مەودا ناوەندەوە کە لەساڵی 1987 دا واژۆ کراوە. ڕوسیاش ڕەتی دەکاتەوە پەیماننامەکەی پێشێل کردبێت.

ستۆڵتنبێرگ وتی " هەموومان هاوڕاین لەگەڵ ئەوەدا کە پەیماننامەی ناوەکیی مەودا ناوەند گرنگە بۆ ئاسایشی ئەوروپا، هاوپەیمانان چەند جارێک نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە سیستمی موشەکی نوێی ڕوسیا ناسراو بە ئێس ئێس سی -8".

ئاماژەشی بەوەدا سیستمی ئێس ئێس سی -8ی موشەکی مەودا ناوەند کە لە زەوییەوە هەڵدەدرێت مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری ستراتیژی.

وتیشی " هاوپەیمانێتی ناتۆ چەند جارێک داوای لە ڕوسیا کردووە بەشێوەیەکی چالاکانە و شەفاف مامەڵە لەگەڵ ئەم ترسانەدا بکات و لەگەڵ ئەمەریکادا لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی بنیادنەرانەدا دانیشن. بەداخەوەین چونکە ڕوسیا وەڵامی داواکانمانی نەداوەتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز