کرێملن: ڕووسیا تەنها لەکاتێکدا چەکی ناوەکی بەکاردەهێنێت کاتێک هەڕەشە لە بوونی بکرێت

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی لەزاری وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە ڕووسیا تەنها لە حاڵەتێکدا چەکی ناوەکی بەکاردەهێنێت کاتێک هەڕەشە لە بوونی وڵاتەکەی بکرێت.

ئەم لێدوانەی پێسکۆڤ چوار هەفتە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دێت لە ئۆکرانیا و لەنێوەندی نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوادایە سەبارەت بە پەرەسەندنی ململانێکان بۆ جەنگی ناوەکی.

دەزگای هەواڵی تاس هیچ وردەکارییەکی دیکەی بڵاونەکردەوە.

مانگی ڕابردوو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە هێزی ناوەکی وڵاتەکەی کرد لە ئامادەباشیدا بن. دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی وتی لە 28 ی مانگی دووشدا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە هێزەکانی چەکی ناوەکی ڕووسیا و کەشتیگەلەکانی باکوور و دەریای پاسفیک خراونەتە ئامادەباشییەوە.

لە 14 ی مانگی سێدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " دیمەنی جەنگی ناوەکی، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کەس بیری لێنەدەکردەوە، ئێستا وەکو ئەگەرێک گەڕاوەتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز