پوتن: ڕووسیا وەڵام دەداتەوە ئەگەر ناتۆ ژێرخان لە سوید و فینلەندا دابمەزرێنێت

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی ڕووسیا وەڵام دەداتەوە ئەگەر هاوپەیمانێتی ناتۆ هێز و ژێرخانی سەربازیی ڕەوانەی فینلەندا و سوید بکات، ئەوەش دوای ئەوەی سەرجەم وڵاتانی ناتۆ داواکانی ئەو دوو وڵاتەیان بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتیەکە پەسەند کرد.

پوتن گوتی " لەگەڵ سوید و فینلەندادا ئەو کێشەیەمان نیە کە لەگەڵ ئۆکرانیادا هەمانە. ئەوان دەیانەوێت ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، فەرموون."

گوتیشی " بەڵام دەبێت تێبگەن کە پێشتر ئەوە هەڕەشە نەبوو، بەڵام ئێستا ئەگەر هێز و ژێرخانی سەربازی ڕەوانەی ئەو دوو وڵاتە بکرێت ئەوا دەبێت بەشێوەیەکی گونجاو وەڵام بدەینەوە و هەمان هەڕەشە بۆ سەر ئەو ناوچانە دروست بکەین کە تیایاندا هەڕەشە بۆ سەر ئێمە دروست کراوە."

گوتیشی ئەوە شتێکی حەتمییە کە بەهۆی ئەندامێتییانەوە لە ناتۆدا پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ هێلێسینکی و ستۆکهۆڵمدا گرژی تێدەکەوێت.

گوتی " هەمووشتێک لە نێوانماندا باش بوو، بەڵام ئێستا ڕەنگە هەندێک گرژی هەبن، بەدڵنیاییەوە گرژی دەبێت. ئەگەر هەڕەشە هەبێت لەسەرمان ئەوا بێگومان گرژی دەبێت."

لێدوانەکانی پوتن ڕۆژێک دوای ئەوە هات تورکیا کە پێشتر دژایەتی ئەندامێتی سوید و فینلەندای دەکرد لە ناتۆدا، پشتیوانی خۆی بۆ داواکانیان ڕاگەیاند.

پوتن گوتی ئامانجی " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی " ڕووسیا لە ئۆکرانیا هێشتا وەکو خۆی ماوەتەوە، ئامانجەکەی " ئازادکردنی " هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە و دروستکردنی بارودۆخێکە کە ئاسایشی ڕووسیای تیادا پارێزراو بێت.

وتیشی هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەوی دەکەن لە ئۆکرانیادا و دەستوەردانە سەربازییەکان بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچن. گوتیشی هیچ پێویست ناکات کاتێک دیاری بکەین بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز