ڕووسیا دەڵێت 36 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیای خستووەتە خوارەوە

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە وتی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە 36 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایی خستووەتە خوارەوە کە بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر ئەو هەرێمانەی ڕووسیادا کە سنوورییان بە ئۆکرانیاوەیە.

وەزارەتەکە وتی هێزەکانی ڕووسیا 18 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان بەسەر هەرێمی بریانسکەوە خستووەتە خوارەوە، نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر هەرێمی کورسک و نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەیان بەسەر هەرێمی بێلگۆرۆدەوە خستووەتە خوارەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆد ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ وتی زیان بە خانووەکانی دوو گوند کەوتووە، وتیشی چەندین ناوچە دوای هێرشەکان کارەبایان بڕاوە.

فەرمانڕەواکانی بریانسک و کورسک ئاماژەیان بەوەدا کە زیانی گیانی و ماددی لە ناوچەکانییاندا هەبوون.

هەر لە ڕۆژی دووشەممەدا، ڕووسیا بانگەشەی دەستکەوتیشی کرد لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، وتی هێزەکانی کۆنتڕۆڵی گوندەکانی ستێپۆڤا نۆڤۆسیلیڤکای هەرێمی خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و نۆڤۆپۆکرۆڤکای هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کردووە.

ئۆکرانیا دەستبەجێ لێدوانی لەسەر دۆخی خارکیڤ و دۆنێتسک نەداوە.

ڕۆژی دووشەممە هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ئاگادارکردنەوەی موشەکی دەرکرد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە ئامانجی هێرشە بەردەوامە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیان.

فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک سێرهێی لیاسک ڕۆژی دووشەممە وتی هێزەکانی ڕووسیا بە موشەک و تۆپهاوێژ هێرشییان کردووە، لە هێرشێکی موشەکییاندا بۆ سەر شاری دنیپرۆ حەوت کەس بریندار بوون.

لیاسک وتی هێرشەکانی ڕووسیا لە درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەدا تۆپهاوێژ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازییان تێدا بەکارهاتووە و زیانییان بە چەندین بینا و هێڵێکی بۆری گاز گەیاندووە لە نیکۆپۆل.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی جەختی لە داواکانی کردەوە لە وڵاتان تاوەکو یارمەتی سەربازیی بدەن بە ئۆکرانیا و کۆتوبەندەکانی سەر هێزەکانی ئۆکرانیا کەم بکەنەوە لە بەکارهێنانی چەکەکانی ڕۆژئاوادا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناو ڕووسیا.

وتی " بڕیاردان پێویستە بۆ یارمەتیدانی گەلەکەمان. هێرشی مەودا دوور و سیستمی بەرگری ئاسمانی نوێ بناغەی ڕێگریکردنن لە تیرۆرە ڕۆژانەییەکەی ڕووسیا. سوپاسی سەرجەم ئەو هاوبەشانەمان دەکەم کە لەمە تێدەگەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا