ڕووسیا دەڵێت ئامادەیە بۆ گفتوگۆکان لەسەر گۆڕینەوەی زیندانییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت وڵاتەکە ئامادەیە بۆ گفتوگۆکان سەبارەت بە گۆڕینەوەی زیندانییەکان و ئازادکردنی ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکییانەی کە لە ڕووسیا زیندانی کراون، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ " ئەرکە فەڕمییەکانی بە تەواوەتی جێبەجێ نەکردووە بۆ پاراستنی گفتوگۆکان."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا گوتی " چەند جارێک وتوومانە کە ئامادەین بۆ گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی چارەنووسی ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکییانەی کە لە ڕووسیا تاوانبار کراون و ئەو هاوڵاتیە ڕووسییانەشی کە لە ئەمەریکا زیندانی کراون."

پێشتر ڕووسیا ئاماژەی بەوەداوە کە کراوەیە بە ڕووی گۆڕینەوەی زیندانییەکاندا کە ڕەنگە پۆڵ ویلانی سەربازی کۆنی ئەمەریکا و یاریزانی باسکەی ئەمەریکی بریتنی گراینەریش بگرێتەوە، هاوکات دەکرێت ڤیکتۆر بۆتیش بگرێتەوە کە بازرگانێکی چەکی ڕووسییە و لە ئەمەریکا زیندانی کراوە.

گراینەر سزای 9 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە بەهۆی گیرانی بە ماددەی کانابیس و قاچاغچیکردن پێیەوە، هاوکات ویلان سزای 16 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن تۆمەتبار کراوە.

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی چاوی بە خێزانەکانی گراینەر و ویلان کەوت، وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێریش وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا پابەندە بە " کارکردنەوە لەڕێی هەموو ئامڕازەکانەوە بۆ گەڕاندنەوەی بریتنی و پۆڵە بە پارێزراوی بۆ نیشتیمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز