ڕووسیا: مۆسکۆ ئامادەیە لە ڕێی هێڵی بۆری گازی یامالەوە هەناردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا دەستپێبکاتەوە

جێگری سەرۆک وەزیری ڕووسیا ئالیکساندەر نۆڤاک بە دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی وت مۆسکۆ ئامادەیە لە ڕێی هێڵی بۆری گازی یامالەوە هەناردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا دەستپێبکاتەوە.

تاس لە زاری نۆڤاکەوە بڵاویکردەوە " بازاڕی ئەوروپی هێشتا پەیوەندیدارە، لە کاتێکدا کە کەمبوونەی گاز بەردەوامە و ئێمەش هەموو دەرفەتەکانمان لەبەردەستدایە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گاز."

وتی " بۆ نموونە، هێڵی بۆری یامال – ئەوروپا، کە بەهۆی هۆکاری سیاسییەوە ڕاگیراوە، هێشتا هەر بەکارناهێندرێت."

بۆری گازی یامال گاز بەرەو ڕۆژئاوا دەبات، بەڵام لە مانگی دوانزەی ساڵی 2021 ەوە زۆرجار ئەوە پێچەوانە دەبووەوە لە کاتێکدا کە پۆڵەندا لە کڕینی گازی ڕووسیا دوورکەوتەوە و ڕووی کردە سوودوەرگرتن لە گازی هەڵگیراو لە ئەڵمانیا.

لە مانگی پێنجدا پۆڵەندا ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ڕووسیادا هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای ئەوەی داواکەی ڕووسیای ڕەت کردەوە بۆ پێدانی پارەی گازەکە بە ڕوبڵی ڕووسی.

کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی وەکو وەڵامێک هەناردەکردنی گازی بۆ پۆڵەندا ڕاگرت. وتیشی چیتر ناتوانێت گاز لە ڕێی پۆڵەنداوە هەناردە بکات. ئەوەش دوای ئەوەی مۆسکۆ سزای سەپاند بەسەر ئەو کۆمپانیایەدا کە خاوەنی ئەو بەشەی بۆری یامالە کە بە پۆڵەندادا دەڕوات.

نۆڤاک جەختیشی لەوە کردەوە مۆسکۆ بیر لە هەناردەکردنی گازی دیکە دەکاتەوە لە ڕێی تورکیاوە.

وتیشی " لەم ساڵدا توانیمان هەناردەکردنی گازی شل بۆ ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەین. لە یانزە مانگی ساڵی 2022 دا ئەو گازەی هەناردە کراوە بۆ ئەوروپا گەیشتۆتە 19.4 ملیار مەتر سێجا. پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بگاتە 21 ملیار مەتر سێجا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز