کرێملن دەڵێت خواستەکانی ئۆکرانیا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ هەڕەشە بووە بۆ ئاسایشی ڕووسیا و تیشکی خستە سەر پێویستیی ڕووسیا بۆ ئەنجامدانی " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی " لە ئۆکرانیا.
ئەم لێدوانەی کرێملن وەکو وەڵامێک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ڕەشنووسێکی گرەنتییە ئەمنییەکان کە ڕۆژی سێشەممە لەلایەن ئۆفیسی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکییەوە بڵاوکرایەوە، کە تیایدا " خواستی ئۆکرانیا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و سوودمەندبوون لە ڕێکەوتنەکانی بەرگرییە هاوبەشەکانی ناتۆ " خراوەتە ڕوو.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت ڕووسیا پێی وایە ڕەشنووسەکە نەرێنییە، وتی بیرۆکەی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا " هەڕەشەی سەرەکی بووە بۆ سەر ڕووسیا."
گوتی " ئەمە جارێکی دیکە جەخت لە پێویستییەکی بەپەلە دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە ئاسایشی خۆمان و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانمان مسۆگەر بکەین."
پێش ئەوەی ڕووسیا لە مانگی دوودا هەزاران سەرباز ڕەوانەی ناو خاکی ئۆکرانیا بکات، مۆسکۆ داوای کۆمەڵێک گرەنتی ئاسایشی یاسایی دەکرد لەسەر ئەوەی هەرگیز ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا ئەمە و کۆمەڵێک شتی دیکە وەکو پاساو بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتە سەربازییەکەی دژی ئۆکرانیا کە پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە.
نوسراوە 9 لاپەڕەییەکە کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، باس لە کۆمەڵێک ڕاسپاردە دەکات لەسەر " گرەنتی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئۆکرانیا "، کە لەلایەن سکرتێری گشتی پێشووی هاوپەیمانێتی ناتۆ فۆو ڕاسموسین و بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاندرێ یەرموکەوە ئامادە کراوە.
ڕۆژی سێشەممە زێلێنسکی گوتی ڕاسپاردەکان کە تیایدا داوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کراوە " سەرچاوە دارایی و سیاسیی و سەربازیی و دیبلۆماتییەکان " دابین بکەن بۆ پتەوکردنی توانای کیێڤ بۆ بەرگریکردن لە خۆی لەو ساڵانەی پێش ئەوەی ببێتە ئەندام لە ناتۆدا، پێویستە بنچینەیەک بن بۆ چارەسەرێکی ئاسایشی نوێ بۆ ئۆکرانیا.
پێشنیارەکە توڕەبوونی مۆسکۆی لێکەوتەوە، کە پێی وایە ئەمە پتەوکردنی سووربوونی کیێڤە بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و ستراتیژییەکە کە ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات لەبەردەم ڕەوانەکردنی چەکی زیاتری ڕۆژئاوا بۆ نزیک سنوورەکانی ڕووسیا.
ڕۆژی چوارشەممە پێسکۆڤ ڕەخنەی لە ئۆکرانیا گرت لەسەر بەکارهێنانی پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشەکەی، وتی زێلێنسکی دەتوانێت لەڕێی دابینکردنی داواکارییەکانی ڕووسیاوە دەستبەجێ ئاسایشی وڵاتەکەی پتەو بکات.
پێسکۆڤ گوتی " سەرکردایەتی ئۆکرانیا دەبێت کارێک بکات هەڕەشەکانی سەر ڕووسیا نەهێڵن، زۆر باشیش دەزانن دەبێت چی بکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز