کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا: تەنها 30%ی هێرشەکانی ڕووسیا لە دژی داعشە

کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا ڕەخنە لە هەڵمەتە لەشکریـیەکەی ڕووسیا لە سوریا دەگرێت و دەڵێت تەنها 30% ی هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا لە دژی داعش ئەنجامدراون.

برێت مکگورک نێردراوی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش ڕۆژی چوارشەممە لە بەغدا ئەمەی ڕاگەیاند کە لەوێ لەگەڵ سەرکردە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا و عێراق کۆبووەوە. گوتیشی 70% ی هێرشەکانی دیکە کراونەتە سەر گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕووسیا تاوانباردەکەن بەوەی لە هێرشەکانی لە سوریا سەنگی خستووەتە سەر چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن بە مەبەستی پـشـتیوانیکردن لە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا. بەڵام کاربەدەسـتانی ڕووسیا ئەو قسانە ڕەتدەکەنەوە.

مانگی ڕابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا لە دژی داعش زیاتربوون پاش ئەوەی یەکلابووەوە داعش بەرپـرسیارە لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕووسیـیەکەی لە مانگی دە لە سینای میسر تێکشکا.

لە لایەکی دیکەوە ڕووسیا دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند بۆ یەکەم جار بە کەشتی ژێر دەریایی لە دەریای ناوەڕاستەوە موشەکی بۆ سەر شوێنەکانی داعش لە باکوری سوریا هەڵداوە.

لە دیمانەیەکی تەلەفیزیۆنیدا سێرگێی شۆیجو وەزیری بەرگری ڕووسیا بە ڤلادیمیر پـوتنی گوت لە کەشتی ژێر دەریایی موشەکی کروزیان بۆ دوو بنکەی داعش هەڵداوە لە نزیک شاری ڕەققە. گوتیشی دەتوانێت بە بڕوایەکی تەواو بڵێت زیانێـکی گەورە بەر عەمبارێـکی چەک و تەقەمەنی کەوتووە لەگەڵ شوێنێـکی دروسـتکردنی بۆمبی چێنراو. هەروەها گوتی دەزگایەکی نەوتیش لە نزیک سنووری تورکیا وێرانکراوە.