ڕووسیا دەڵێت 3 جار موشەکی دەنگبڕی کینژاڵی لە ئۆکرانیا بەکارهێناوە

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ دەڵێت لە ماوەی " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەی " ڕووسیادا لە ئۆکرانیا ڕووسیا سێ جار موشەکی دەنگبڕی کینژاڵی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ڕووسیا چەند موشەکێکی دەنگبڕی نوێی ڕووسیای ئاشکرا کرد، یەکێک لەو موشەکانەش موشەکی کینژاڵ بوو، پوتن وتی ئەو جۆرە موشەکانە دەتوانن هەر ئامانجێک لە جیهاندا بپێکن و دەشتوانن خۆیان لە زریپۆشی دژە موشەکی ئەمەریکا بدزنەوە.

شوێگۆ دەڵێت هەر سێ جارەکە موشەکەکان کاریگەریی خۆیان سەلماندووە لە لێدانی ئامانجە بە بەهاکاندا، هەروەها ستایشی موشەکەکانی کرد و وتی بێ ڕکابەرن و مەحاڵە لەکاتی فڕیندا بخرێنە خوارەوە.

شوێگۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕووسیا 1 دا وتی " لەمیانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەدا سێ جار موشەکەکانمان ڕەوانە کردووە، هەر سێ جارەکەش خاسیەتە ژیرانەییەکەی خۆیان دەرخستووە."

دوای مانگێک لە دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ڕووسیا بۆ یەکەمین جار سیستمی موشەکی دەنگبڕی کینژاڵی لە ئۆکرانیا بەکارهێنا، لە هێرشەکەشدا کۆگایەکی گەورەی چەکی لە هەرێمی ئیڤانۆ – فرانکیڤسک کردە ئامانج.

لەم هەفتەیەدا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی سێ فڕۆکەی جەنگی میگ – 31 ئی کە موشەکی کینژاڵییان پێبووە ڕەوانەی هەرێمی کالینینگراد کراون، هەرێمەکەش دەکەوێتە نێوان پۆڵەندا و لیتوانیاوە کە هەردووکیان ئەندامن لە یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆشدا.

مانگی ڕابردوو لە ڕۆژی هێزی دەریایی ڕووسیادا، پوتن ڕایگەیاند بەمزووانە هێزی دەریایی ڕووسیا موشەکی کروزی دەنگبڕی زیکرۆن وەردەگرێت. ئەو موشەکانەش دەتوانن نۆ جار خێراتر لە خێرایی دەنگ گەشت بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز