بەرپرسان دەڵێن ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە 206 زیندانییان لە نێوانییاندا ئاڵوگۆڕ کردووە، ئەمەش لە دووەمین ئاڵوگۆڕکردندا لە ماوەی دوو ڕۆژدا. ئاڵوگۆڕکردنەکەش لە ڕێی نێوەندگری ئیماڕاتەوە بووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی سەرجەم 103 ئۆکرانیاییەکە سەرباز بوون، 82 سەرباز و 21 ئەفسەرییان تێدا بووە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی 103 سەربازی ڕووسیایی ئاڵوگۆڕییان پێکراوە کە لە سنووری کورسکی ڕووسیا گیرابوون لەو کاتەدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشە کتوپڕەکەیان کردە سەر هەرێمەکە لە مانگی هەشتدا.
زێلێنسکی وتی " خەڵکەکەمان گەڕانەوە. سەرکەوتووانە 103 جەنگاوەرمان لە دەستبەسەریدا لە ڕووسیا گەڕاندەوە بۆ ئۆکرانیا."
دەزگای هەواڵی وامی ئیماڕات وتی ئاڵوگۆڕەکە بە نێوەندگری ئیماڕات بووە. وتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا ئەمە هەشتەمین جارە ئیماڕات نێوەندگری دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیادا.
لە دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا، ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوام زیندانییەکانییان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئاڵوگۆڕەکەی ڕۆژی شەممە سێیەم ئاڵوگۆڕ بوو لە دوای ئەوەی ئۆکرانیا هێرشە کتوپڕەکەی بۆ سەر هەرێمی کورسکی ڕووسیا لە سەرەتای مانگی هەشتدا دەستپێکرد.
بەرپرسانی ئۆکرانیا پێشتر وتبوویان کە هێزەکانی ئۆکرانیا لانیکەم 600 سەربازی ڕووسیایان لە ماوەی هێرشەکەیاندا بۆ سەر هەرێمی کورسک دەستگیر کردووە، وتیشیان ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە ئازادکردنی ئۆکرانیاییە دەستگیرکراوەکاندا.
دمیترۆ لوبینیتسی ناوبژیوانی ئۆکرانیا وتی زۆربەی ئەو ئۆکرانیاییانەی کە ئازادکراون لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەوە لەلایەن ڕووسیاوە گیراون.
وتیشی کیێڤ تاوەکو ئێستا 3,672 ئۆکرانیایی لە 57 ئاڵوگۆڕی زیندانییاندا گەڕاندووەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز