سەرۆک وەزیری ڕووسیا میخایل میشوستین وتی بەهۆی سزا بێپێشینەکانی ڕۆژئاواوە ڕووسیا ڕووبەڕووی قورسترین بارودۆخ بووەتەوە کە لە 30 ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە، بەڵام هەوڵە بیانییەکان بۆ گۆشەگیرکردنی ڕووسیا لە ئابووری جیهان شکست دەهێنن.
وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزای ئابووری توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئەوەش لەپێناو ئەوەی مۆسکۆ ناچار بکەن کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا بهێنێت و هێزەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە.
ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت مەبەست لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیایە و هەروەها دەستگیرکردنی " نەتەوە پەرستە " مەترسیدارەکانی ئۆکرانیایە.
میشوستین وتی " گومان لەوەدا نیە بارودۆخی ئێستا دەکرێت بە قورسترین باردودۆخی ڕووسیا ناوببرێت کە لە 30 ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە. ئەو جۆرە سزایانە تەنانەت لە تاریکترین ساتەکانی جەنگی ساردیشدا بەکارنەهاتوون."
سزاکانی ڕۆژئاوا ڕووسیایان لە تۆڕی دارایی جیهان دابڕیوە و کۆمەڵێک بانکی گەورەی ڕووسیاشیان لە سیستمی سویفتی بانکی جیهانی دەرکردووە، هەندێک لە بازرگانەکانیش دەستیان کردووە بە ڕەتکردنەوەی نەوتی ڕووسیا، ئەمەش فشارەکانی سەر مۆسکۆی زیاتر کردووە
پێش ئەم سزایانەی کە لەمدواییانەدا سەپێندران بەسەر ڕووسیادا، مۆسکۆ پلانی هەبوو لەم ساڵدا 1.3 تریلیۆن ڕوبڵ زیادهێنانی بودجەکەی بێت، کە ئەوەش دەکاتە لە سەدا یەکی داهاتی ناوخۆی. ڕۆژی پێنجشەممە میشوستین وتی سەرجەم ئەو پارەیە لەم ساڵدا بۆ یارمەتیدانی دەوڵەت خەرج دەکرێت.
حکومەتی ڕووسیا تاوەکو ئێستا بەڵێنیداوە 1 تریلیۆن ڕوبڵ وەکو قەرەبووی قەیرانەکان بدات بە کارەکان و خێزان و منداڵان، لەو پارەیەش 250 ملیار ڕوبڵ بۆ یارمەتیدانی دەوڵەت لە هێڵە ئاسنینەکانی ڕووسیادا خەرج دەکرێت.
وەکو وەڵامێک بۆ سزاکان، ڕووسیا کۆنتڕۆڵی خستۆتەسەر سەرمایەی وەبەرهێنەرە بیانییەکان، کارێکی کردووە کە مەحاڵ بێت وەبەرهێنەرە بیانییەکان بتوانن موڵک و سامانەکانیان بفرۆشن، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر بڕیار بدەن ڕووسیا جێبهێڵن.
میشوستین وتی " ئەگەر بڕیارتداوە وڵاتەک جێبهێڵیت، ئەوا بەرهەمهێنان دەبێت بەردەوام بێت چونکە هەلی کار دەڕەخسێنێت. هاوڵاتیانمان لەوێ کار دەکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز