ڕووسیا بە ئەمەریکا ناڵێت چەند کڵاوەی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیر کردووە

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤ

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە ڕووسیا بە ئەمەریکا ناڵێت چەند کڵاوەی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیر دەکات و هەروەها سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی تۆرپیدۆی پوسایدنیش کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە ئەمەریکا ئاگادار ناکاتەوە.

مۆسکۆ و مینسک دەڵێن بێلاڕووس دەستیکردووە بە وەرگرتنی چەکە ئەتۆمییە تەکتیکییەکانی ڕووسیا یاخود چەکە ئەتۆمییە مەودا کورتەکان، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە ئەو جۆرە چەکانە لە بێلاڕووس جێگیر دەکات، لە کاتێکدا کە گرژییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا سەبارەت بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا زیاتر بووە.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە "گومانم هەیە لەوەی ئەم بابەتە ببێتە بابەتێک کە جێگەی گفتوگۆی ئاشکرا بێت یاخود لەلایەن ئێمەوە ڕابگەیەندرێت."

وتیشی "ماوەی دەیان ساڵە ئەمەریکا چەکە ئەتۆمییە تەکتیکییەکانی لەسەر خاکی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا جێگیر کردووە، هەرگیز ژمارەی تەواوی ئەو چەکانەی پێنەوتووین."

چەکە مەودا کورتەکان پەیماننامەی نیوستارت نایانگرێتەوە، کە دوایین پەیماننامەی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیایە بۆ سنوودارکردنی چەکە ئەتۆمییەکانی دوو وڵاتەکە. پوتن بەشداریکردنی ڕووسیای لە پەیماننامەکەدا هەڵوەشاندۆتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هەردوولایان بەڵێنییان داوە ڕێز لەو سنوورانە بگرن کە لە پەیماننامەکەدا ئاماژەیان پێدراوە.

ڕیابکۆڤ وتی هیچ پەیماننامەیەک یاخود میکانیزمێک نیە باس لەو چەکانە بکات کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە وەکو تۆرپیدۆکانی پوسایدن، وتیشی لەبەر ئەوە ڕووسیا هیچ پلانێکی نیە ئەمەریکا سەبارەت بە تاقیکردنەوەی ئەو سیستمانە ئاگادار بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز