وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوسیا بە تۆمەتی " زیادکردنی گرژییەکان " لەسەر سنووری ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکەن

کۆمەڵێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوسیایان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " زیادکردنی گرژییەکان " لەسەر سنووری ئۆکرانیا، هەروەها بەڵێنیاندا بەرەیەکی یەکگرتوو لە گفتوگۆکانی مانگی یەکدا لەگەڵ مۆسکۆ پیشان بدەن.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بێربۆک وتی " زۆر هەست بە نیگەرانی " دەکات دوای ئەوەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی وڵاتەکەی ئامادەیە هەنگاوی سەربازیی بنێت.

بێربۆک وتی نیگەرانییەکانی زیاتر بوون چونکە لێدوانەکانی پوتن بەر لە " جوڵەی زیاتری هێزەکانی ڕوسیا بوو لەسەر سنووری ئۆکرانیا ". وتیشی " قەیرانە گەورەکان " تەنها لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر دەبن.

کاتێک سەبارەت بە جوڵەی نوێی هێزەکانی ڕوسیا پرسیاری لێکرا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت واشنتن و هاوپەیمانەکانی " لەنزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ڕوسیا بەردەوامە لە زیادکردنی گرژییەکان و هیچ گۆڕانکارییەکی نەکردووە لە زیادکردنی هێزەکانیدا لەسەر سنوورەکە."

وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوسیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی دەیان هەزاران سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیر کرردووە، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری داگیرکردنی ئەو وڵاتە. هاوکات کرێملن دەڵێت واشنتن و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ هۆکاری گرژییەکانن، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیە سەربازیی و سیاسییەکانیانەوە بۆ ئۆکرانیا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " هەر دوژمنکارییەکی دیکە دژی ئۆکرانیا دەرەنجامێکی گەورە و باجێکی قورسی لێدەکەوێتەوە."

وتیشی " داوا لە ڕوسیا دەکەین هێزەکانی لەنزیک ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و گرژییەکان کەمبکاتەوە."

هەردوولا، ڕۆژئاوا و ڕوسیا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2022 دا گفتوگۆ لەنێوانیاندا ئەنجام بدەن.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی ئاڕ تی ڕوسیدا وتی " ڕێکەوتووین لەسەر ئەوەی لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، یەکەم خولی گفتوگۆکان دەبێت لەنێوان ئێمە و ئەمەریکادا بێت."

ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی بە ڕۆژنامەنووسانی وتی " هێڵێکی کراوەی گفتوگۆی دیبلۆماتی هەیە و پێشبینی دەکەین بەردەوام بێت، هیوادارین بەردەوام بێت."

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا باسیان لە ڕەوشەکە کرد.

بڕۆکسل لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە ئاسایشی ئەوروپا دەبێت بە هەماهەنگی و بەشداریکردنی یەکێتی ئەوروپا بێت."

هەفتەی ڕابردوو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی ئەمەریکا " ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن و لەنزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکاندا دەکات."

سەرەڕای ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆ، ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بەشێوازێکی توند قسەی کرد و وتی " ڕوسیا بە توندی وەڵامی هەنگاوی ناهاوڕێیانە دەداتەوە، مافی خۆمانە ئەوە بکەین."

بەڵام کۆشکی سپی زۆر گوێی نەدایە لێدوانەکانی پوتن و جێن ساکی وتی " سەرۆک پوتن بیسەری خۆی هەیە، ئەمەریکا بیسەری نیە."

وتی " ناتۆ هاوپەیمانێتیەکی بەرگرییە. نیازی دوژمنکاریمان دژی ڕوسیا نیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس