پوتن موشەکی نوێی دەنگبڕی زیکرۆن ڕەوانەی زەریای ئەتڵەسی دەکات

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کەشتییەکی جەنگی بە موشەکی نوێی دەنگبڕی زیکرۆنەوە ڕەوانەی زەریای ئەتڵەسی کرد.

ڕووسیا و ئەمەریکا و چین لە کێبڕکێدان بۆ پەرەپێدان بە موشەکی دەنگبڕ، ئەو جۆرە موشەکانە پێنج هێندەی خێرایی دەنگ خێراترن.

لە کۆنفرانسێکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ و ئیگۆر کرۆخمالی فەرماندەی کەشتییەکە کە بە " ئەدمیڕاڵی کەشتیگەلی گۆرشکۆڤی یەکێتی سۆڤیەت ناسراوە "، پوتن وتی کەشتییەکە موشەکی دەنگبڕی زیکرۆن " تسیرکۆن "ی لەسەرە.

وتی " ئەم جارە کەشتییەکە نوێترین سیستمی موشەکی دەنگبڕی لەسەرە- زیکرۆن. من دڵنیام لەوەی ئەو جۆرە چەکە بەهێزانە دەتوانرێت پشتییان پێببەسترێت لە پاراستنی ڕووسیا لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی دەرەکیدا."

پوتن وتیشی " چەکەکە وێنەی نیە لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا."

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە ئێستا زیاتر لە 10 مانگە بەردەوامە، هیچ کۆتاییەکی دیار نیە و گۆڕاوە بۆ شەڕێکی زستانەی تۆپهاوێژەکان کە بووەتە هۆی کوشتن و بریندارکردنی دەیان هەزاران سەربازی هەردوولا.

ڕووسیا موشەکی دەنگبڕی کینژاڵیشی لە ئۆکرانیا بەکارهێناوە.

شوێگۆ وتی گۆڕشکۆڤ بەرەو زەریای ئەتڵەستی و هیندی و دەریای ناوەند گەشت دەکات.

وتی " کەشتیەکە کە زیکرۆنی لەسەرە، لە توانایدا هەیە هێرشی ورد و بەهێز دژی دوژمن ئەنجام بدات، لە دەریا و وشکانیشدا."

وتیشی موشەکە دەنگبڕەکە دەتوانێت بەسەر هەر سیستمێکی بەرگری موشەکیدا زاڵ ببێت. موشەکەکە نۆ هێندەی خێرایی دەنگ خێراترە و مەوداکەی دەگاتە زیاتر لە 1000 کم.

وتیشی ئەرکی سەرەکی گەشتەکە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانە بۆ سەر ڕووسیا و پاراستنی " ئاشتی و جێگیریی ناوچەکەیە بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دۆستماندا."

لە ڕاپۆرتێکی دەزگایەکی توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکادا هاتووە دەڵێت موشەکە دەنگبڕەکانی ڕووسیا و چین بە شێوەیەک دروستکراون کە لە توانایاندا هەبێت لەگەڵ کڵاوەی ئەتۆمیدا بەکاربهێندرێن.

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگاکە، جگە لە ڕووسیا و ئەمەریکا و چین، ژمارەیەک وڵاتی دیکە پەرە دەدەن بە موشەکی دەنگبڕ، لەوانەش ئوستڕاڵیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و کۆریای باشوور و کۆریای باکوور و ژاپۆن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز