ڕووسیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج

کیێڤ، ئۆکرانیا

ڕۆژی دووشەممە بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند هێزەکانی ڕووسیا بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشییان کردووەتە سەر چەندین هەرێمی وڵاتەکە، بە کیێڤی پایتەختیشەوە.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی سەربازیی کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی ڕووسیا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و زیاتر لە 10 موشەکی کروز و نزیکەی 10 موشەکی باڵیستیکی ئاڕاستەی شاری کیێڤ کردووە.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتالی کلیتچسکۆ وتی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەرپەرچدراوەکانەوە لانیکەم دوو کەس بریندار بوون.

هێرشەکەی ڕووسیا زیانی گەیاندووە بە وێستگەیەکی ئاو و دەروازەی وێستگەیەکی میترۆ کە وەکو پەناگە بەکارهێندراوە لەو حاڵەتانەدا کە شارەکە بۆردومان بکرێت.

سوپای ئۆکرانیا وتی لە کۆی 35 موشەک 22 موشەکییان خستووەتە خوارەوە و لە کۆی 23 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان 20 فڕۆکەیان خستووەتە خوارەوە کە ڕووسیا بەکاریهێناون بۆ بە ئامانجکردنی چەندین هەرێم لە ئۆکرانیادا.

فەرمانڕەواکانی هەرێمەکانی دنیپرۆپێترۆڤسک و خێرسۆن و میکۆلایڤ و پۆڵتاڤا وتییان بەرگرییە ئاسمانییەکان فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیایان بەسەر هەرێمەکانییاندا خستووەتە خوارەوە، هاوکات فەرمانڕەوای چێرکاسی وتی موشەکێک لە ئاسمانی هەرێمەکەدا خراوەتە خوارەوە.

هێرشەکانی ڕووسیا ڕۆژێک دوای هێرشە گەورە ئاسمانییەکەی ئۆکرانیا دێت بۆ سەر ڕووسیا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی لەو هێرشەی ئۆکرانیادا 158 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان خستووەتە خوارەوە.

وەزارەتەکە ڕۆژی دووشەممە وتی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە، یەکێکییان بەسەر هەرێمی بێلگۆرۆد و ئەوی دیکەیان بەسەر دەریای ڕەشەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆد ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ وتی هێزەکانی ئۆکرانیا لە چەندین ناوچەیان داوە، زیانییان بە دامەزراوەیەکی بازرگانی و چەندین خانوو گەیاندووە. وتیشی لانیکەم کەسێک بریندار بووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا