کۆمپانیای ناوەکی دەوڵەتی ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا وێستگەی چێرنۆبیڵیان جێهێشتووە

Un hombre pasa frente a un refugio que cubre un reactor en la planta nuclear de Chernóbil, Ucrania, el 15 de abril de 2021.

کۆمپانیای ناوەکی دەوڵەتی ئۆکرانیا وتی سەرجەم ئەو هێزە ڕووسییانەی کە وێستگەی چێرنۆبیڵیان گرتبوو ئێستا لە ناوچەکە کشاونەتەوە.

بەرپرسانی ڕووسیا لێدوانییان سەبارەت بەم بابەتە نەداوە. دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئامادەکاری دەکات بۆ ڕەوانەکردنی تیمێک بۆ وێستگە ناوەکییەکەی چێرنۆبیڵ لە باکووری ئۆکرانیا.

سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا بە ماوەیەکی کورت دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا وێستگەی چێرنۆبیڵیان کۆنتڕۆڵ کرد، ستافە ئۆکرانییەکەی وێستگەکە بەردەوام بوون لە کارەکانیان لە وێستگەکەدا.

کۆمپانیای ئینەرگۆتۆمی سەر بە دەوڵەتی ئۆکرانیا وتی " بەپێی ستافەکەی وێستگەی ناوەکی چێرنۆبیڵ، هیچ بیانییەک لە شوێنەکەدا نەماوە." لە ماوەی ڕابردووشدا ئینەرگۆتۆم وتی زۆرینەی هێزەکانی ڕووسیا ناوچەکەیان جێهێشتووە و تەنها ژمارەیەکی کەمییان ماون.

کۆمپانیاکە وتیشی هێزەکانی ڕووسیا لە شارۆچکەی سلاڤوتیچیش کشاونەتەوە کە دەکەوێتە نزیک وێستگەکەوە.

لە ڕاگەیاندنێکی جیادا، کۆمپانیاکە وتی ڕووسیا بە فەڕمی ڕازیبووە لەسەر ئەوەی بەرپرسیارێتییەکانی پاراستنی چێرنۆبیڵ ڕادەستی ئۆکرانیا بکاتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز