دیبلۆماتکارێکی دێرینی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی لەکارکێشایەوە

بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ

دیبلۆماتکارێکی دێرینی ڕووسیا لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ دەستی لەکارکێشایەوە و وتی " هەست بە شەرمەزارییەکی زۆر " دەکات لەسەر داگیرکارییەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە ئۆکرانیا.

لە ناڕەزایی دەربڕینێکی دەگمەندا لەنێو پێکهاتە دیبلۆماتییەکەی ڕووسیادا، بۆریس بۆندارێڤی تەمەن 41 ساڵ لە نامەیەکدا بۆ باڵیۆزی ڕووسیا گینادی گاتیلۆڤ دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، دواتر پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە و تیایدا سەرکۆنەی جەنگەکەی ڕووسیای کرد لە ئۆکرانیا.

بۆندارێڤ وتی " جەنگە دوژمنکارییەکە کە لەلایەن پوتنەوە دژی ئۆکرانیا هەڵگیرسا، کە لە ڕاستیدا دژی سەرانسەری جیهانی ڕۆژئاوا هەڵگیرساوە، نەک تەنها تاوانە دژی گەلی ئۆکرانیا بەڵکو ڕەنگە جددیترین تاوان بێت دژی گەلی ڕووسیاش."

بۆندارێڤ وتی " ئەوانەی ئەم جەنگەیان ویستووە تەنها یەک شتیان دەوێت، مانەوەیان لە دەسەڵات تا هەتایە، ژیان لە کۆشکە بێتامەکاندا، گەشتکردن بە کەشتیە گرانبەهاکان و چێژ وەرگرتن لە دەسەڵات و پارێزراوییەکی تەواودا."

وتیشی " بۆ ئەوەی ئەمە بەدەست بهێنن، ئامادەن ژیانی زۆرترین کەس بکەنە قوربانی. تاوەکو ئێستا هەزاران ئۆکرانی و ڕووسی لەپێناو ئەمەدا کوژراون."

وتیشی لەماوەی 20 ساڵ کارکردنیدا وەکو دیبلۆماتکارێکی ڕووسی، لە ماوەی کارکردنیشیدا لە کەمبۆدیا و مۆنگۆلیا " ئاستی درۆ و ناپیشەیی لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیادا هەمووکات لە زیادبووندا بووە."

بۆندارێڤ هێرشیشی کردە سەر وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وتی " نموونەیەکی باشی تێکچوونی ئەم سیستمەیە." لاڤرۆڤ لە کەسێکەوە کە لەلایەن هاوەڵە دیبلۆماتکارەکانیەوە بە کەسێکی " پیشەگەر و زیرەک و خوێندەوار " ناودەبرا ئێستا بووەتە کەسێک کە " هەمیشە بەیاننامەی ناکۆک بڵاودەکاتەوە و بە چەکی ناوەکی هەڕەشە لە جیهان دەکات!"

وتی " ڕووسیا چیتر هاوپەیمانی نیە، هیچ کەس لەمە بەرپرس نیە جگە لەو سیاسەتە بێباکە نەبێت کە بەباشی بیری لێنەکراوەتەوە... چیتر ناتوانم بەشدار بم لە بێڕێزییە ناپێویست و خوێناوی و بێ ژیرییەدا."

بۆندارێڤ بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت تاوەکو ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی لە بەرپرسانی ڕووسیاوە نەبینیوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا " ئایا نیگەرانم سەبارەت بە ئەگەری کاردانەوەی مۆسکۆ؟ دەبێت نیگەران بم لێی."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا هاوەڵە دیبلۆماتکارەکانی دیکەشی هەمان هەستیان هەیە، وتی " هەموو دیبلۆماتکارە ڕووسییەکان شەڕخواز نین، ماقولن، بەڵام دەمییان داخستووە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا