سالار مه‌حمود ده‌ڵێت له‌ ڕێی گفتوگۆ ڕێز له‌ ئیراده‌ی گشتی ده‌گیرێت

سالار مه‌حمود ده‌ڵێت له‌ ڕێی گفتوگۆ ڕێز له‌ ئیراده‌ی گشتی ده‌گیرێت

دوابه‌دوای ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا، هه‌رێمی كوردستان‌و شاری سلێمانی به‌ تایبه‌ت گرته‌وه‌، له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ مه‌به‌ستی هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ و باسكردن له‌ ڕه‌وشی كوردستان و راوێژكردن به‌ یه‌كتری و ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوونه‌كان گفتوگۆ له‌ نێوان سه‌رجه‌م حزب‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستاندا له‌ ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامدرا. لایه‌نه‌کان بریتی بوون له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی . بڕیاره‌ دوو باره‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌کیه‌ سیاسیه‌کان له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا دابنیشنه‌وه‌ بۆ تاووتێکردنی چاره‌سه‌رێك بۆ بارودۆخه‌که‌.

جێ ئاماژه‌ پێکردنه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 5 رۆژی‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری ‌له‌ شاری سلێمانی‌، 3 که‌س كوژراون و 123 که‌سیش برینداربوون.

سالار مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ میانه‌ی گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ هاوکارمان شایان پاشا گوتی جێی نیگه‌رانییه‌ که‌ ئه‌و ڕه‌وشه‌ گه‌یشته‌ ئاستی خۆێن ڕشتن و خه‌ڵکێکی زۆری تێدا شه‌هید و برینداربوون، واته‌ هێشتا گیانی لێبوردن و گه‌شه‌دانی پرینسیـپی دیمو‌کراسی و گیانی نا توندوتیژی لای ئێمه‌ هێشتا کاڵه‌، بۆیه‌ پێویستی به‌ شۆڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و پرینسیپانه‌ هه‌یه‌ بۆ ته‌واوی چه‌مکه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاکان. و ئومێدی کرد که‌ هه‌موو ته‌نگه‌ژه‌کان که‌ هه‌ن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ یه‌کلابکرێته‌وه‌.

ده‌توانن له‌ ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی گفت و گۆکه‌ بن که‌ ماوه‌که‌ی 7:47 خوله‌که‌.