سعودیە: بازرگانی و ئاسایش لە ئەجێندای سەردانەکەی سەرۆکی چیندان بۆ سعودیە

سەرۆکی چین شی جینپینگ

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل ئەل جوبەیر دەڵێت لە سەردانەکەی سەرۆکی چین شی جینپینگدا بۆ سعودیە، پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئاسایشی ناوچەکە ئەرکی سەرەکی دەبن.

سەردانەکە کە دوو سەرچاوە دەڵێن پێشبینی دەکرێت لە مانگی دوانزەدا بێت، لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئەمەریکا بەهۆی ناکۆکییانەوە لەسەر دابینکردنی نەوت گرژییان تێکەوتووە، هەروەها لە نێوەندی نیگەرانییەکانی ئەمەریکاشدایە سەبارەت بە زیادبوونی هاریکارییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و چین.

جوبەیر باسی لە وردەکاری گەشتەکەی شی نەکرد بۆ سعودیە، بەڵام وتی سەردانەکان لە نێوان ڕابەرانی چین و سعودیەدا " سروشتین."

جوبەیر بە ڕۆیتەرزی وت " چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیمانە، وەبەرهێنانی زۆر گەورەمان لە چین هەیە و چینییەکانیش وەبەرهێنانی زۆر گەورەیان لە سعودیەدا هەیە."

وتیشی " پشکی زۆر گەورەمان لە مەترسیدایە و ئەم سەردانانەش نامۆ نین. بە هەمان شێوەی هاوبەشە بازرگانیی و ستراتیژییەکانی دیکەمان، وەکو ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا، ئەمەیە کە وڵاتان دەیکەن."

دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە وتیان پێشبینی دەکرێت شی لە نیوەی دووەمی مانگی دوانزەدا سەردانی سعودیە بکات و شان بە شانی ڕابەرانی شەش وڵاتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان چین و کەنداو بکات.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەجێندا سەرەکییەکانی گەشتەکە، جوبەیر وتی " باس لەو شتانە دەکەین کە گرنگییان پێدەدەین، جێگیریی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهاندا، چۆن پەرەی زیاتر بە بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان دوو وڵاتەکە دەدەیت، بێگومان بابەتی کەش و هەواش کە لە ئێستادا لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە لوتکەی ئەجێنداکاندایە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز